لە ئاهەنگی چوارشەممە سووردا ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش برینداربوون

لە ئەنجامی تەقینەوەی یارییە ئاگرینەکان لە میانی ئاهەنگی چوارشەممە سوور لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە چوار هەزار کەسیش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

 ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ئازار، وتەبێژی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئێران ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی یارییە ئاگرینەکان لە کاتی ئاهەنگگێڕانی شەوی چوارشەممە سووردا ٢٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و ٩٥ کەسی دیکەش برینداربوون بە توندی جیاواز.

 

موجتەبا خالیدی، وتەبێژی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئێران ڕایگەیاند، دوێنێ سێشەممە ١٤ی ئازار، لە میانی ڕێوڕەسمی ئاهەنگگێڕان بە شەوی چوارشەممە سوور، ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٨١٧ کەسی دیکەش برینداربوون، ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی گیان لەدەستدانەکان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و قوم بووە و ٣٤ لە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ یەکەی چاودێری چڕ.

 

هاوکات جەعفەر میعادفەر سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند کە ٩٢ لە بریندارەکان ئەندامەکانی جەستەیان بریندار بووە، ٤٧٠یان چاویان و ٥٤٠ کەسیش تووشی سووتان بوون بە ڕێژەی جیاواز.

 

لە هەمان کاتدا یەحیا تەباری بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی تاران پشتڕاستی کردەوە کە دوایین ژمارەی بریندارانی پارێزگای تاران ڕۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە ١٢ کوژراو و ٣٧٣ بریندار.

 

ئاهەنگی چوارشەممەی سوور هەموو ساڵێک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کەس و برینداربوونی کەسانی دیکە، لەئەنجامی تەقینەوەی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان، لەلایەکی دیکەوە  خاوی تیمەکانی فریاگوزاری و نەبوونی پێداویستی پێشکەوتوو و ئامێرەکان ژمارەی قوربانییەکان زیاد دەکەن.