لە گامبیا هەر ژنێکی گەنج و منداڵێکی کچ خەتەنە کراون

یوئێن وومان ئاشکرایدەکات، ژنان لە گامبیا ڕووبەڕووی خەتەنەکردن "FGM" دەبنەوە بەجۆرێک هەر ژنێکی گەنج و منداڵیکی کچ خەتەنەکراون و لە ئێستادا لەناو منداڵانیشدا ئەم کارە ئەنجام دەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

خەتەنەکردن بەرهەمی ئەو عەقڵیەتەی هەزاران ساڵە ژنان وەک کۆیلە دەبینێت تا ئیستاش بەردەوامی هەیە، گامبیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەشێوەیەکی فراوان ئەم کارەی تێدا ئەنجام دەدرێت و بەپێی UN WOMEN، هەر ژنێکی گەنج و منداڵێکی کچ لەو وڵاتە خەتەنە کراوە.

 

لەو بارەیەوە نیدی ڕۆز، سەرۆکی ئاژانسی تەندروستیی ڕەگەزی و زاوزێی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNFPA" لە گامبیا، باسی لەو ئاستەنگیانە کردووە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو ئاماژەی بەوەکردووە کە ژنان لە گامبیا هەموو جۆرە توندوتیژییەکیان بەرامبەر دەکرێت.

 

ڕێژەی خەتەنەکردن "FGM" لە گامبیا لە تەمەنی ١٤ بۆ ٤٩ ساڵ نزیکەی ٧٧%ەو لە تەمەنی ١٤ ساڵی ٥١%ە، واتە بە تێکڕایی هەموو ژنێکی گەنج کە لە گامبیا دەیبینیت تووشی ئەم شێواندنە بووە کە بریتییە لە گۆڕینی ئەندامی زاوزێیان، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرئەنجامی تەندروستی و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنان لە کۆمەڵگەکانیان دووربخەنەوە.

 

"ژنانی بەتەمەن ئەو کارە دەکەن"

خەتەنەکردنی ژنان لەلایەن ژنانی بەتەمەن "داپیرەکان"ەوە دەکرێت و هاوڵاتیانی گامبیا کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، منداڵەکانیان دەبەنەوە گامبیا بۆ ئەوەی خەتەنە بکرێن، یوئێن دەڵێت: "ئەوەی کە ئێمە بە دوایدا دەگەڕێین ئەوەیە کە پیاوان تێکەڵ بکەین، ئێمە لە کۆمەڵگەیەکداین کە بڕیاردەران پیاون، ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن چی بکەن و چی نەکەن لە کۆمەڵگەدا، ئێمە دەمانەوێت هەموو گەنجێکی ئەم وڵاتە، باوک بن یان هاوژین ئەم کردارە بوەستێنن، ئێمە توێژینەوەمان هەیە کە دەریدەخەن، لەو وڵاتانەی کە پیاوان هۆشیار کراونەتەوە، ڕێژەت خەنەکە دابەزیوە".

 

ئەم بڕیارەی یوئێن لەو سۆنگەیەوە دراوە، کە خەتەنەکردن هەمان ئەقڵی پیاوسالارییە و ژن خەتەنە دەکەن بۆی ژن هەستی جوتبوونی نەبێت، ئەگەر ژن هەستی هەبێت ئەوا توشیی هەڵە دەبێت و کاری خراپ دەکات، چونکە ئەگەر پیاو فشار نەکاتە سەر ژن، دایکەکان منداڵەکانیان خەتەنە ناکەن، بەڵکو ئەوە هەمان ئەقڵیەتی پیاوە کە ژنی پێ تەوق دەدات.

 

نیدی ڕۆز ڕاشیگەیاندووە کە خەتەنەکردن لە ساڵی ٢٠١٥ەوە نایاساییە هەرچەندە لەو کاتەوە تەنها دوو دۆسیە هێنراونەتە دادگا، بەڵام پێویستە یاسا جێبەجێ بکرێت، هەروەها خواستی حکومەتیش بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی یاسا پێویستە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ئێستادا، خەتەنەکردن تەنانەت لەسەر منداڵەکانیش ئەنجام دەدرێت.