"ژن، ژیان، ئازادی لە دژی زوڵم و ستەم پێشەنگایەتی دەکات"
ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ٨ی ئادار گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، ٨ی ئاداری ئەمساڵ لە کاتێکدایە لە کوردستان و ئێران دەنگی ژنان جیهانی تەنیووە، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پێشەنگایەتی دەکات لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی پیاوسالاری.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان گردبوونەوەیەک بۆ یەکسانی و بەرز ڕاگرتنی خەباتی ژنان لەلایەن ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆمەڵگەی مەدەنی، گروپ و لایەنگرانی ئازادیخوازان ئەنجامدرا.
لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لەلایەن شەددە بەشیر، چالاکوانی ژنان خوێندرایەوە و ئاماژە بەوەکرا، ٨ی ئاداری ئەمساڵ لە کاتێکدایە لە کوردستان و ئێران دەنگی ژنان جیهانی تەنیووە، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پێشەنگایەتی دەکات لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی پیاوسالاری.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "فشارەکان بۆ سەر ژنان لەم شەش مانگەی دوایدا زیاتر بووە، بەڵام ڕێکخراوەکانی ژنان هەمیشە لە هەوڵدا بوون بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی ژنان، نابێت پرسەکانی ژنان پشتگوێ بخرێت و گرنگیان پێنەدرێت، بەڵکو دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەت هاوکارێکی باشی ژنان بێت".