"تێکۆشان ڕێگای تێکشکاندنی زنجیرەکانە"

یەڵدا ئەحمەد، دەروونناسی ئەفغانی و چالاکوانی مافەکانی ژنان ئاماژەی بەوەکرد کە ڕێگای ڕزگاربوون لە کۆتوبەند و زنجیرەکان، تێکۆشانە، هەروەها هاوهەڵوێستن لەگەڵ خەباتی ژنان لە ئێران.

بەهاران لەهیب

 

کابول- لە ئەفغانستان پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢١دا تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست فشار لەسەر ژنان زیادیکرد، سەرەڕای فشار و چەوساندنەوەی سەر ژنان، ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی و ڕفاندن و قەیرانی ئابووری دەبنەوە ژیانیان پاریزراو نییە، یەڵدا ئەحمەد، دەروونناس و پارێزەری مافەکانی ژنان، یادی هەموو ژنانی خۆڕاگری کردەوە و پەیامی هاوئاهەنگیی نارد.

 

سڵاو لە هەموو خەڵکی خۆڕاگر دەکەم

یەڵدا ئەحمەد ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنانی پیرۆز کرد و وتی: بەم بۆنەیەوە سڵاو لە هەموو گەلانی خۆڕاگری جیهان و بەتایبەتی ژنانی تێکۆشەری ئەفغانستان و ئێران دەکەم کە بە سەختترین ڕۆژدا تێدەپەڕن، سەرەڕای زیادبوونی توندوتیژی و بێڕێزی و دڵڕەقی لە وڵاتەکەمان، ئێمە وەک ژنانی ئەفغانستان و ئێران پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەین.

 

"ژنانی وڵاتەکەم لە دژی زوڵم و ستەم تێدەکۆشن"

یەڵدا ئەحمەد وتیشی: لە وڵاتی من ژنان ساڵانێکە دژی توندوتیژی و زۆرداری تێدەکۆشن، دەرگای خوێندنگە و زانکۆ و کارگەکان بەڕووی ژناندا داخراون، ژنان ناتوانن بەبێ پیاوان لەماڵ بچنە دەرەوە، بچووکترین خۆپیشاندان بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە سەرکوت دەکرێت.

 

"خێزانەکان هەوڵ دەدەن بە فرۆشتنی منداڵەکانیان بژین"

یەڵدا ئەحمەد کە ساڵانێکە کار لەسەر مافەکانی ژنان دەکات وتیشی: لە ماوەی ساڵێکدا لەگەڵ چەندین ژن کە کێشەی تەندروستی دەروونیان هەیە کارم کردووە و چیرۆکە خەمبارەکانیانم بیستووە، هەژاری و نەداری لە وڵاتەکەم زۆرن، ژنانی وڵاتەکەم زۆربەیان بژێوی ژیانیان بۆ خێزانەکانیان دابین دەکرد و ئەمڕۆ هەموو شتێک لە بەردەمیاندا گیراوە، چیتر ناتوانن بچنە کارگە و کار بکەن، زۆربەی خێزانەکان هەوڵ دەدەن بە فرۆشتنی یەک یان زیاتر لە منداڵەکانیان بژین، یەکەم قوربانی ئەم کارەساتە ژنانی گەنجن، هەموومان دەزانین کە تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لەو فشارانە شکاندنی کۆت و زنجیرەکانی بەردەم تێکۆشانە بە هوشیاری ژنان.

 

"هیوای سەرکەوتن بۆ ژنانی جیهان دەخوازم"

یەڵدا ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هاودەنگی و هۆشیاری و تێکۆشان چارەسەرە بۆ هەموو ئازارەکانی چەوساوەکان لە جیهاندا و بەتایبەتی ژنان، ژنان دەتوانن هەموو جۆرە ستەمێک بە یەکڕیزی و هۆشیارییەوە بشکێنن، هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ژنانی جیهان دەخوازم.