یادی "٨ی ئادار" لە چیای ئاویەر لە شاری سنە بەرز ڕادەگیرێت

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا لە چیای ئاویەری شاری سنە و ناوچە جیاوازەکانی شارەکە بە وتنەوەی دروشم بەرز ڕادەگیرێت.

سنە

 

دوێنێ، ٣ی ئادار لە چیای ئاویەر لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان پێشوازییان لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان کرد، کە هەموو ساڵێک لەو شارە بە چالاکی و ڕێبازی جیاواز، سەرباری ڕێگری و فشارەکانی ڕژێمی ئێران بەرز ڕادەگیریت، ژنانی سنە لە ناوچە جیاوازەکاندا بە وتنەوەی دروشم و خوێندنەوەی بەیاننامە و گردبوونەوە لە شوێنە تایبەتەکاندا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم ڕۆژە نیشان دەدەن.

 

ئەمساڵ ٨ی ئادار هاوکاری شۆڕشی ژینایە، کە بە پێشەنگایەتی ژنان هەڵگیرسا و ژنانی کورد و ژنانی ئێرانی ئاڵا هەڵگری ئەو شۆڕشە بوون و دڵی دیکتاتۆری گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیان هەژاند.

 

ئێستا لە سەروبەندی ٨ی ئاداردا چی دەتوانێت ڕێگری لەو ژنانە بکات کە ئاگاداری مافەکانیانن؟ ژنانی دیکەی ئێران و بەتایبەت ژنانی کورد بە زوڵمی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەزانن و بەرەنگاری بە ئەرکی خۆیان دەزانن، دوور نییە لە ساڵانی دواتردا شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" مێژوویەکی هەبێت بۆ یادکردنەوە، ببێتە ئەو ڕۆژەی کە ژنان لە ئێران ڕاپەڕین.