زیادبوونی ڕێژەی مردنی دایکان مەترسی لەسەر تەندروستی ژنان دروستکردووە
داتا نوێیەکان ئاماژە بە دابەزینی بەرچاو لە تەندروستی دایکان لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان دەکەن، ئەمەش جیاوازی لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی دەردەخات.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای ئەو هەوڵانەی لە سەرانسەری جیهاندا دراون، هێشتا ڕێژەی مردنی دایکانی دووگیان و منداڵبوون لە بەرزبوونەوەدایە، پسپۆڕانی تەندروستی بە مەترسی و پاشەکشەیەکی گەورە لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵۆزییەکانی کاتی منداڵبوون یان دووگیانیدا دەردەخات.
دوایین خەمڵاندنەکان کە لە ڕاپۆرتێک بەناونیشانی "رەوتی مردنی دایکان"ی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ٢٣ی شوبات بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە هەر دوو خولەک جارێک ژنێک لە کاتی دووگیانی یان منداڵبووندا دەمرێت، ئەمەش دابەزینێکی ترسناک لە تەندروستی ژنان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا دەکات و دەریدەخات کە ڕێژەی مردنی دایکان لە نزیکەی هەموو ناوچەکانی جیهان زیادی کردووە یان وەک خۆی ماوەتەوە.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئامارە نوێیانە پێویستییەکی بەپەلە ئاشکرا دەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو ژن و کچێک دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە گرنگەکان بگات پێش منداڵبوون و لە کاتی منداڵبوون و دوای منداڵبوون، هەروەها هەریەکێکیان دەتوانن بە تەواوی مافەکانی زاوزێی خۆی بەکاربهێنێت.
ڕاپۆرتەکە کە چاودێری مردنی دایکان دەکات لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و جیهانی لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٠-٢٠٢٠)، ئاماژە بەوە دەکات کە بە مەزەندە ٢٨٧ هەزار مردنی دایکان لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەبووە، ئەمەش تەنها کەمبوونەوەی کەمێک نیشان دەدات لە چاو ساڵی ٢٠١٦، کە ٣٠٩ هەزار مردنی دایکان تۆمارکراون.
لە هەردوو ناوچەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوروپا و ئەمریکای باکوور، هەروەها ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبی، ڕێژەی مردنی دایکان لە ساڵی ٢٠١٦دا بە ڕێژەی ٪١٧ بۆ ڕێژەی ٪١٥ی ساڵی ٢٠٢٠ بووە، لە باشووری ئاسیا کەمبوونەوەی بەرچاو بە ڕێژەی ٪٣٥ بۆ ٪١٦ بووە لەماوەی هەمان ساڵدا.
کۆی ئامارەکان دەریدەخەن کە هێشتا مردنی دایکان تا ڕادەیەکی زۆر لە هەژارترین ناوچەکانی جیهان و لەو وڵاتانەدا چڕبووەتەوە کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٧٠٪ی هەموو مردنەکانی دایکان لە ئەفریقای ژێر سەحرا بووە، زیاتر لە دوو ئەوەندەی تێکڕای جیهانی کە نزیکەی لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵی زیندوو ٥٥١ دایک گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا لە جیهاندا ٢٢٣ دایک گیانیان لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە بۆ دوو هێندەکردنی پابەندبوون بە تەندروستی ژنان و کچان، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا، زیادکردنی وەبەرهێنان لە چاودێری تەندروستی سەرەتایی، داڕشتنی سیستەمی تەندروستی بەهێزتر و خۆڕاگرتر و پێشخستنی ماف و دەرفەتەکانی ژنان و کچان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی دایکان بریتین لە خوێنبەربوونی توند، بەرزی پەستانی خوێن، هەوکردنەکانی پەیوەست بە دووگیانی، ئاڵۆزییەکانی لەباربردنی ناپارێزراو و حاڵەتەکانی پێشوەختە کە دەکرێت بەهۆی دووگیانیەوە توندتر ببنەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چاودێری تەندروستی سەرەتایی کە سەرنجی لەسەر کۆمەڵگا بێت دەتوانێت پێداویستییەکانی ژنان، منداڵان و کچانی گەنج دابین بکات و دادپەروەری لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک منداڵبوونی یارمەتیدەر، چاودێری پێش و دوای لەدایکبوون، کوتانی کۆرپە، خۆراک و پلاندانانی خێزان بکات، سیستەمی چاودێری تەندروستی سەرەتایی، کەمیی کارمەندانی چاوەدێری تەندروستی ڕاهێنراو، و زنجیرە لاوازەکانی دابینکردن بۆ بەرهەمە پزیشکییەکان هەڕەشە لە پێشکەوتن دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی یەک لەسەر سێی ژنان چوار لە کۆی هەشت پشکنینی پێشنیارکراوی پێش لەدایکبوون وەرناگرن، هەروەها چاودێری سەرەتایی دوای منداڵبوون وەرناگرن، لەکاتێکدا نزیکەی ٢٧٠ ملیۆن ژن دەستیان بە شێوازە مۆدێرنەکانی پلاندانانی خێزان نەگەیشتووە.