ڕەنگە دۆزینەوەی کۆشکێکی ٤٥٠٠ ساڵە لە عێراق شارستانییەتی کۆن زیندوو بکاتەوە

کۆشکێکی پاشایەتی سەردەمی سۆمەرییەکان لە عێراق دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە و بە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شوێنەوارە مێژووییەکان دادەنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵی ڕابردوو لە کاتی کاری مەیدانیدا، یەکەی شوێنەوارناسی عێراق و بەریتانیا و تیمەکانی مۆزەخانەی بەریتانیا لە عێراق، کۆشکی پەرستگای پاشاکانی شاری گیرسوی کۆنی سۆمەرییان، کە ئێستا دەکەوێتە شاری تەلۆ لە نزیک شاری بەسرە لە باشووری عێراق، دۆزییەوە، کە زیاتر لە ٢٠٠ تابلۆی مێخی تێدابووە، تەمەنی نزیکەی ٤٥٠٠ ساڵە و یەکێکە لە شارە دێرینیەکانی عێراق.

 

کۆشکەکە لەلایەن بەڕێوەبەری مۆزەخانەی بەریتانیاوە بە "یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شوێنەکان" پێناسە کراوە کە تا ئێستا سەردانی کردووە، سێباستیان ڕی بەرپرسی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەداوە، پێدەچێت ناوچەکە کلیلی زانیاری زیاتر لەسەر یەکێک لە یەکەم شارستانییەتە ناسراوەکان بێت.

 

سێباستیان ڕی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا پڕۆژەکەی خستووەتەڕوو  کەس باوەڕی پێ نەکردووە، "هەمووان لە بنەڕەتدا پێیان وتم، کاتت بەفیڕۆ دەدەیت تۆ بودجەی حکومەتی مۆزەخانەی بەریتانیا بەفیڕۆ دەدەیت."

 

گیرسو، یەکێکە لە شارە ناسراوە سەرەتاییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، لەلایەن سۆمەرییە کۆنەکانەوە دروستکراوە، کە لە نێوان ساڵانی سێ هەزار و ٥٠٠ بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین نووسینیان داهێناوە و یەکەم شارەکانیان دروستکردووە و یەکەم کۆدەکانی یاسایان دروستکردووە، ئەو شارە دێرینە بۆ یەکەمجار ١٤٠ ساڵ لەمەوبەر دۆزرایەوە، بەڵام ئەو شوێنە بووەتە ئامانجی تاڵان و هەڵکەندنی نایاسایی، دۆزینەوەکە دەرئەنجامی پڕۆژەی گیرسویە، کە هاوکارییەکی شوێنەوارییە و لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و لەلایەن مۆزەخانەی بەریتانیاوە سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن مۆزەخانەی گێتی کە بنکەکەی لە لۆس ئەنجلۆس پارەی بۆ دابینکراوە.

 

هاوشێوەی دۆزینەوەی کۆشک و تابلۆکانی دیکە، پەرستگای سەرەکی تایبەت بە خوداوەندی سۆمەری، نینگیرسو، دەستنیشانکراوە و پێش ئەم دۆزینەوەیە ناوی پەرستاگەکە و گیرسو تەنها لە نووسراوە کۆنەکانەوە بوونی هەبوو.

 

ئەم پڕۆژەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە پارەی بۆ دابینکراوە، وەک پاراستنی شوێنەوارە گرنگەکانی عێراق و سوریا کە لەلایەن داعشەوە وێرانکراوە، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە زیاتر لە ٧٠ عێراقی ڕاهێنراون بۆ ئەنجامدانی هەشت وەرزی کاری مەیدانی لە گیرسو.