دەرهێنەر سپیدە فارسی: سینەمای دەوڵەتی ئێران تەنیا پڕوپاگەندەیە

سپیدە فارسی، دەرهێنەر ئاماژەی بەوەکرد کە بڕیاری فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بۆ لابردنی ئەو فیلمانەی پەیوەستن بەدەوڵەتی ئێران لە شوێنی خۆیەتی و ڕایگەیاند، کە فیلمەکانی دەوڵەتی ئێران تەنیا لە پروپاگەندە پێکدێن.

ناوەندی هەواڵ

 

فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین ساڵانە لە مانگی شوبات بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ ٧٣مین خولی فێستیڤاڵەکە لە ١٦ی شوباتەوە دەستیپێکرد و تا ٢٦ی شوبات بەردەوام دەبێت، زیاتر لە ٢٠ هەزار واژۆ لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ ئەو چالاکییە کلتوورییە دەکرێت، نزیکەی ٤٠٠ فیلم لە هەموو وڵاتانی جیهان لەم فیستیڤاڵەدا بەشدارن.

 

"بەرلین پشتگیری بزوتنەوەی خەڵکی ئێران دەکات"

سپیدە فارسی، دەرهێنەری ئێرانی کە دانیشتووی فەڕەنسایە بە فیلمی ئەنیمەیشنی "سرەن/پەری ئابادان" بەشداری فێستیڤالەکەی کرد و لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، تیشکی خستە سەر کاری فیلمسازانی ئێرانی لە تاراوگە و ڕایگەیاند، کە سینەمای دەوڵەتی ئێران تەنها پڕوپاگەندەیە.

 

دەربارەی بڕیاری ٧٣مین فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بۆ لابردنی ئەو فیلمانەی پەیوەستن بە دەوڵەتی ئێرانەوە لە لیستەکەدا وتی:"ئەم بڕیارە ئەوە دەردەخات کە بەرلین پشتگیری لە بزووتنەوەی خەڵک لە ئێران و سینەمای سەربەخۆ دەکات".

 

سپیدە فارسی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا خۆی وەک نوێنەری سینەمای سەربەخۆی ئێران دەبینێت؟ وتی:"پێش هەموو شتێک هەموو کەسێک نوێنەری خۆیەتی، من نوێنەری سینەمای سەربەخۆ نیم، بەڵام نوێنەری ئەم سینەمایەم، لە ساڵانی کۆتایی کارەکەمدا لە ئێران ڕێگەیان بە هیچکام لە فیلمەکانم نەدا، هەموو فیلمەکانم سانسۆڕ کران، بەڕای من لە ئێران پڕۆسەی "هونەری ئازادی شۆڕشگێڕیی کۆتایی پێ هات، دەبینم کە فێستیڤاڵی بەرلین ڕووناکییەکە بۆ فیلمسازانی سەربەخۆ و شەڕڤانانی ئازادی و من بە پێشکەوتن دەیبنم".

 

سپیدە فارسی دوای دەرهێنانی چەندین فیلمی دۆکۆمێنتی، لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە بە بیرۆکە پێشکەوتووانەکەی خۆیەوە یەکەمین فیلمی ئەنیمەیشنی بە ناوی "کچی دەریا" بەرهەمهێنا.