١١ عێراقی لە بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە

وتەبێژی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، بەپێی ئاماری کۆتایی لە بوومەلەرزەکەی باکوور و تورکیادا ١١ هاوڵاتی عێراقی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجامی کۆتایی قوربانیانی عێراقی لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتت باکووری کوردستان و تورکیا ڕاگەیاند و جەختی لە بەردەوامی هەوڵە ئاسمانییەکان بۆ ناردنی هاوکارییەکان کردەوە.

 

بەپێی ئامارەکە ١١ هاوڵاتی عێراقی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمڕۆ یان سبەی عێراق فڕۆکەیەک، کە پێداویستی خۆراک و کەرەستەی دیکەی بۆ عێراقییەکان هەڵگرتووە، دەنێرێت بۆ دیلۆک-غازی عەنتاب لە تورکیا، هەروەها پرۆسەی گەڕانەوەی عێراقییەکان دوێنێ دەستیپێکردووە، کە ٢٠ هاوڵاتی عێراقی بوون و گەڕاونەتەوە بۆ عێراق.

 

بەپێی قسەکانی وتەبێژی ئەمیندار، "شەش فڕۆکە دوێنێ وەک هاوکاری ڕەوانەی تورکیا کراون، جگە لەو فڕۆکانەی تر کە ئەمڕۆ ڕەوانەی تورکیا دەکرێن"، هەروەها باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا چەندین ژمارەی پەیوەندییان داناوە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەو ژمارە کەسە عێراقییەی بێسەروشوێنن و ئێشتا چارەنووسیان نادیارە.