تەقتەق هاوکارییەکانی دەگەیەنێتە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان
دوو بارهەڵگر لە هاوکارییەکانی شارەدێی تەقتەق کە بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆکراونەتەوە، گەیەندرایە کەمپینی هانا لە شاری سلێمانی تا بنێردرێت بۆ ناوچە زیانلێکەتووەکان.
ناوەندی هەواڵ
دواى ڕوودانى بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە زۆربەى شار و شارۆچکەکانى هەرێمی کوردستان کەمپینى کۆکردنەوەى کۆمەک و هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانى ڕووداوەکە ڕاگەیەنرا، لەو چوارچێوەیەشدا هاوڵاتیانى شارەدێی تەقتەقی سەر بە شارۆچکەی کۆیە بۆ هاوکاریکردن هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییەکانیان دەستپێکرد و بڕێک هاوکارییان کۆکردەوە.
ئەمڕۆ دوو بارهەڵگر کەلوپەلی جیاواز، کە لە کەمپینەکەدا کۆکرابوەوە و پێکدەهاتن، لە خۆراک و شتومەک گەیەندرایە شاری سلێمانی و درایە دەست ڕێکخەرانی کەمپەینی هانا لە کارگەی جگەرەکە، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوە.