بنەماڵەی زیندانی سێدارە لەبەردەم زیندانی شاری کەرەج گردبوونەوە

کۆمەڵێک لە بنەماڵەی زیندانیانی سزای سێدارە لە بەردەم زیندانی قزلحەسار لە شاری کەرەج دەستیان بە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کرد، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەریان و ژمارەیەکیان بریندار بوون، کە سێ ژنیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢٦ی کانوونی دووەم، ژمارەیەک لە بنەماڵەی ئەو زیندانیانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، جارێکی دیکە بەهۆی هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزاکەوە لە بەردەم زیندانی قزلحەسار لە شاری کەرەج دەستیان بە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە لەدوای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕژێمی ئێران دەستیکردووە بە لەسێدارەدانی بەربڵاوی هاوڵاتیان.

 

دوای دەستپێکردنی گردبوونەوەکە هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران هێرشیان کردەسەر بنەماڵەکان و ژمارەیەک کەس برینداربوون، کە سێیان ژنن،

 

ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ دروستکردنی تیرۆر، هاوکاتی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەسێدارەدانی بەرفراوانی هاوڵاتییانی دەستپێکردووە و تۆمەتی ناڕەزایەتی و تێکدانی ئاسایش، تاوانی ماددە هۆشبەرەکان و هتد دەخاتە پاڵیان، بەپێی ئاماری دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێران لەسێدارە دەدرێن بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. پێشتریش چالاکوانانی بەلووچ زیادبوونی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ساڵی ڕابردوودا لە سێدارە دراون ڕاگەیاندبوو.