"سڵاو لە ڕاپەڕینی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین"

ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان پەیامی پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنێرن و ڕایانگەیاند، "بە ڕۆحی شۆڕشی ژنان سڵاو لە ڕاپەڕینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و دەڵێین کە ڕاپەڕینتان بەنرخە".

 ڤیان ئامەد

 

حەسەکە- ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە نۆیەمین کۆنگرەی گشتی کۆنگرەی ستارەوەوە پەیامی پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنێرن و ڕایانگەیاند کە ڕاپەڕینیان بەنرخە.

 

"ئێمە لەگەڵ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانین"

مەدیا حسۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی فورات پێشوازی لە ڕاپەڕینی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و وتی: ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی ژنان ڕاپەڕین بەڕێوەدەچێت، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران واقیعی ژنان و ژیان دروستدەکەن، ئەمڕۆ هەموو ژنانی جیهان بەیەک دەنگ دەڵێن بەسە بۆ دڵڕەقی و دەسەڵاتی دەوڵەتی پیاو، تێڕوانین و دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە ژنان زۆر توندە و هیچ ڕێگەیەک بۆ مافەکانی ژنان لەو سیستەمەدا نییە، تەنانەت سروشتی ژنیش بۆ ئەوان قەدەغەیە، ژینا ئەمینی بەهۆی قژیەوە کوژرا و ئیتر سیستمەکە بوونی ژن قبوڵ ناکات، بۆیە ڕاپەڕین و تێکۆشانێکی بێوێنەی دژ بە حکومەتی ئێستا هەبوو کە ئێستا هەمووان دەزانن کۆمەڵگە ئازاد نابێت تا ژن ئازاد نەبێت.

 

"سیستمی ئێران بە دەستی ژنان تێکدەشکێت"

سوعاد حەسەن، کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری حەلەب، پێشوازی لە ڕاپەڕینی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و وتی: ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت ئەو ژنەی شەڕ دەکات جوان دەبێت، ژنە جوانەکە خۆشەویست دەبێت، بۆیە ئەمڕۆ ژن بوونی خۆی هەمیشەیی کردووە و بووەتە ئیلهامێک بۆ هەموو جیهان، ژنان لە ئێران دژی ڕژێمی ئێستا تێدەکۆشن، لە حەلەب یەکەم ڕووناکی شۆڕشی ژنان بە شەهیدبوونی ئەندامی کۆنگرەی ستار گولێ سەلمۆ دەستیپێکرد و ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتیی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، ئێمە لە شۆڕشەکەماندا هەرگیز سەرمان بۆ دوژمن دانەنەواند لە ڕێگەی ڕێبازەکانی شەڕی شۆڕشگێڕیی گەلیشەوە هەموو ژنانمان چەکیان بەرزکردووەتەوە و لەگەل یەپەژەدا هەبوونی خۆمان پاراستووە، ئەمڕۆ بە ڕۆحی شۆڕشی ژنان پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین، تا ئێستا هەڕەشە و هێرشی گەورە لە دژی شۆڕشەکەمان دەکرێت و ئاستی بەرخۆدان و تێکۆشانمان زۆر گەورەیە و دەتوانین هەموو ژنانی جیهان بپارێزین، چونکە یەکەم ئیلهاممان هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە.

 

"کاتێک ژن پێکەوە بێت، هێزەکەی دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت"

هێڤی سلێمان، لە کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی عەفرین وتی: پێش هەموو شتێک سڵاو لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین کە بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هەموو ژنانی بە ڕێگای ئازادی نیشاندا، کە ئەمڕۆ ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا تێدەکۆشن، ئەمڕۆ دروشمی ژن ژیان ئازادی لە ڕاپەڕینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە جیهانی، بە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان-باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش شۆڕشێک ڕوویدا و ناوی شۆڕشەکە شۆڕشی ژنانە، بە ڕۆحی شۆڕشی ژنان سڵاو لە ڕاپەڕینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و دەڵێین ڕاپەڕینەکەتان بەنرخە، کاتێک ژنان هێزی خۆیان بەکاردێنن، کاریگەریان لە هەموو جیهاندا دەبینرێت، ئێمە پشتگیری ئەو ژنانە دەکەین و ئامادەین یەکڕیزیی خۆمان لە هەموو لایەکەوە مسۆگەر بکەین، هەمیشە لەگەڵ ژنانی ئازادداین و دەبێت ببێتە جێگای چارەسەر و بڕیار و دەستپێشخەری بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەموو ژنان پێکەوە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی کە شۆڕشی ژنان جیهانی بکەین و سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لەناو کۆمەڵگەکان بپارێزین.