٤ مانگە خۆپیشاندان بەردەوامە و ئێران سەرکوتکاری دەکات

زیاتر لە ٤ مانگە خۆپیشاندان بەردەوامە و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵێنی تا سەرکەوتن دووپات دەکەنەوە، ڕژێمی ئێرانیش بۆ سەرکوتکاری سزا بەسەر چالاکوان و خۆپیشاندەراندا دەسەپێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانیلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینیی دەستیانپێکرد، پاش ئەوەی ڕۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢بە بیانووی پابەندنەبوون بە پێوەرەکانی دەسەڵات بۆ باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی ئه‌خلاقییەوە، لە تاران دەستبەسەرکرابوو و لەئەنجامی لێدان و ئەشکەنجە کەوتبووە کۆماوە و دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدابوو.

 

زیاتر لە ٤ مانگە خۆپیشاندان بەردەوامە و دروشمەکانی دژ بە ڕژێمی و بەڵێنی بەردەوامی تا سەرکەوتن دووپات دەکرێتەوە، لە بەرامبەردا ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان سزا بەسەر چالاکواناندا دەسەپێنێت و زیندانیان دەکات.

 

بەهار خورشیدی، تەمەن ٢٢ ساڵ، مامۆستای زمان و وەرگێڕ و نیگارکێشی دانیشتووی ڕەبات کەریم، یەکێکی دیکەیە لەو خۆپیشاندەرانەی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە کوژراوە، کە بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژی ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی کە خەریکی دابەشکردنی بڵاوکراوەبوون بە هاشتاگی "مەهسا ئەمینی" و "ژن، ژیان، ئازادی" لە یەکێک لە شەقامەکانی ڕەبات کەریم دەستگیرکراون.

 

کاتێک خەڵک بەپەلە دەچنە لای ئۆتۆمبێلەکە بۆ ڕزگارکردنیان خوشکەکەی، بەهار دەرفەتەکە بەکاردەهێنێت و ڕادەکات، بەپێی زانیارییەکان، بەهار بە هاوکاری خەڵک سواری تاکسییەک بووە و دەگاتە ماڵەوە و باسی دەستگیرکردنی دایک و خوشکەکەی بۆ باوکی دەکات.

 

دوای چەند کاتژمێرێک ئەو کەسەی کە گوایە چاودێری بەهاری کردووە، هەڵیکوتایە سەر ماڵی بەهار و لە کاتێکدا خوشکەکەی تەمەن ١١ ساڵ و برا ٨ ساڵانەکەیشی لە ماڵەوە بوون، هەوڵی دەستگیرکردنی بەهاریان داوە، بەهاریش بۆ داوای یارمەتی لە پەنجەرەکەوە هاواری کردووە و فڕێدراوەتە خوارەوە.

 

باس لەوەش کراوە کە ڕۆژێک دوای کوشتنی بەهار خورشیدی، دایکی و خوشکەکەی ئازاد کراون و پێیان وتراوە بەهار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. بەڵام لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا بنەماڵەی بەهار بەهۆی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانەوە ڕەتیانکردەوە باسی کوشتنی منداڵەکەیان بکەن.

 

دوێنێ، ١٥ی کانوونی دووەم، زەهرا ڕەحمانی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی بانە، کە تەمەنی ٣٦ ساڵە و دایکی دوو منداڵە، پاش ٩ ڕۆژ دەستبەسەری لە ناوەندە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا، ئەمەش لەکاتێکدا بوو لە ٧ی کانوونی دووەمدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا.

 

تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتەی کە ئاراستەی زەهرا کراوە نییە.

 

هەر دوێنێ، ١٥ی کانوونی دووەم، مەهتاب نەسیرپوور، ئەکتەری سینەمایی و شانۆی ئێرانی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ئینستاگرام، "بانگهێشتنامە"ی خۆی بۆ داواکاری گشتی زیندانی ئەڤین ڕاگەیاند، کە دەبێت ڕۆژی سێشەممە ١٧ی کانوونی دووەم مەهتاب لە لقی سێی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی ئەڤین ئامادە بێت.

 

جێی ئاماژەیە، بابەتی تۆمەتبارکردن لە بانگهێشتنامەکەدا باسی لێوەنەکراوە، ئەمەش لە ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراوەکانی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هەمان شێوەبوو، یەکێک لە هۆکارەکانی ئاماژە نەکردنەکەش بۆ ئەوەیە کە دوای ئاگادارکردنەوەیان هاوڵاتیان بەرگرییەکی ئاگادارانە بەرامبەر ئەو تۆمەتانە نەکەن.

 

دەستبەسەرکردنی بەربڵاو بەبێ فەرمانی دادگا لە هەموو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا هەزاران هاووڵاتی بە ژن و گەنجەوە دەستبەسەر کراون.