پایزە دەبێتە باشترین کەمپەینەری ساڵ لە بەریتانیا

پایزە مەحموود، خەڵاتى باشترین کەمپەینى ساڵ لە بەریتانیا وەردەگرێت، بەهۆی ئەو کەمپەینەی بۆ ڕێگریکردن و کۆتایی هێنان بە شوودانی منداڵان ڕایگەیاندبوو.

پایزە مەحموود، لەدایکبووی هەرێمی کوردستانە و لە ئێستادا دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە دەروونناسیدا، بیرۆکەی کەمپینەکەی لە چیرۆکی ژیانی خۆی و هەموو ئەو کچانەوە وەرگرتووە، کە لەتەمەنێکی کەمدا بەشوودراون.

 

پایزە خۆی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەزۆر هاوسەرگیری پێکراوە و هەروەها خوشکەکەى، بەناز مەحموود، بەر لە چەند ساڵێک لەلایەن خێزانەکەى بە پاساوى (شەرەف) لە ڕووداوێکى تەمومژاوى کوژرا، پاشان دەنگدانەوەیەکى گەورەى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دروستکرد.

 

لەکاتى وەرگرتنى خەڵاتەکەیدا پایزە، هەست و خۆشحاڵى خۆی دەربڕی و وتی، کەمپەینە ژیانى خۆمی تێدا بووە، بەردەوام دەبم لە کارکردن بۆ باشترکردنى رەوش و ژیانى ژنان و کچان لە هەر کوێییەک بن، ئەوەشی دەخاتەروو، هەماهەنگى و هاوکارى رێکخراوەکانى ژن لە بەریتانیا جێگەى دەستخۆشى بووە و هۆکارى سەرکەوتنى کەمپەینەکەى بوون.

 

ئێستا پایزە بووەتە دەنگ و ڕەنگی هەموو ئەو منداڵانەی لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریان پێدەکرێت و هەوڵدەدات کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنێت.