تارا حسێن: بانگەوازی لە شاری سلێمانی دەکەم بە شكۆوە پێشوازی لە شەهیدان بکەن

ئەمڕۆ لە شاری پاریسی فەرەنسا مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە شەهیدانی کۆمەڵکوژی ٢٠٢٢ی پاریس دەکرێت، بڕیارە تەرمی ئامینە کارا بهێنرێتەوە بۆ شاری سلێمانی و دواتر بۆ مەخمور، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیش بانگەوازی لە هاوڵاتیانی سلێمانی دەکات بە شکۆوە پێشوازی بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە مەراسیـمێکی شکۆداردا شەهیدانی دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس، لەلایەن کوردستانیان و دۆستەکانیانەوە لە ڤیلەرز لی بێل لە پاریسەوە، بە پێشکەشکردنی تاجەگوڵینە، بەرەو زێدی خۆیان ماڵئاواییان لێدەکرێت و ڕەوانە دەکرێن.

 

لە میانەی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا، تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکیا تەنها بۆ سەر گەلی کورد نییە، بەڵکو هێرشە بۆ سەر مرۆڤایەتی و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ، "هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئەو دیموکراسییەشە کە لە ئەوروپا بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئەو دەوڵەتە ئێستا چەکی کیمیای بەرامبەر هێزی ئازادیخوازی کورد لە چیاکانی کوردستان بەکار دەهێنێت، ئەمەش بۆ لەناوبردنی گەلی کوردە، چونکە ئەمڕۆ هەموو باش دەزانن کە تێکۆشانی گەلی کورد تەنها بۆ گەلەکەیان نییە، بەڵکو بۆ ئازادی و ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانی جیهانە، ئامینە کارا و شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس شەڕی ئازادی بۆ مرۆڤایەتی دەکەن، بۆیە جیهان قەرزداری هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادییە".

 

تارا حسێن ئاماژەی بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و کۆمەڵکوژی، ئاماژەیەکە بۆ دواقۆناغەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەمڕۆ گەلی کورد، گەلەکەی ڕابردوو نییە بەرامبەر کۆمەڵکوژی بێدەنگ بێت، ئەمڕۆ ئەو گەلە لە تێکۆشاندایە و بێ چارە نییە، لەمڕۆدا کوردی ئازاد بە پێشەنگایەتی ژن گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا دەکەن، بۆیە دەبێت گەلانی ناوچەکە و جیهان پشتیوانی لەو تێکۆشانە بکەن، کە لە چوار پارچەی کوردستاندا پێشەنگایەتی بۆ سیستمێکی دیموکراسی و ئازاد و ئاشتی دەکات.

 

لە کۆتایشدا بانگەوازی لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکات کە پێشوازی بکات لە شەهیدان و وتی: بانگەوازی لە کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی دەکەم، کە باوەش بۆ ڕۆڵەی پێشەنگی وڵاتەکەیان بکەنەوە و بە مەراسیمێکی بە شکۆ پێشوازی لە تەرمی شەهیدان بکەن.

 

بڕیارە دوای مەراسیمەکە، ئەمینە کارا بگوازرێتەوە بۆ مەخمور، میر پەروەر بۆ مووش و عەبدولڕەحمان کزل بەرەو قارس ماڵئاواییان لێبکرێت.