لەسەر ڕووداوەکەی هوانە ٧ کەس دەستگیرکران؛ چالاکوانانیش دەڵێن بەرهەمی ئەقڵیەتی توندڕەوە

ڕووداوەكەی گەڕەكی هوانەی شاری سلێمانی کە هێرشیان کردبووە سەر ژنێکی گەنج کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە و باس لە مەترسی زیادبوونی چەقبەستووی کۆمەڵگە بەرامبەر ژنان دەکرێت، ٧ کەسیش لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر كران.

سلێمانی

 

ڕۆژی هەینی ٣٠ی کانوونی یەکەم، لە گەڕەكی هوانەی شاری سلێمانی كە تێیدا گەنجان نمایشی ماتۆڕسكیل دەكەن، ژمارەیەك گەنج هێرشیان كردە سەر ژنێکی گەنج كە ئامادەی نمایشەكە بوو، یەکێکیان لێی دەدات و ژنە گەنجەکە دەکەوێتەوە سەر زەوی، دواتر چەندین گەنجی دیکە بە لێدان و تانە و جنێودان هێرش دەکەنە سەری.

 

لە هێرشەکەدا ئازاری لاشەی ژنە گەنجەکە دراوە و دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوەكە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "ئەو نێرانەی کە وەک دڕندە پەلاماری کچێک دەدەن، کە خواستی بووە وەک هەرکەسێک تەماشای پێشبڕکێیەک بکات، بەرهەمی ئەو خیتابە بەربەریەن کە ڕۆژانە بەرامبەر ژن و کچی ئەم هەرێمە بە پلان و بە ڕێکخراوی بەڕێوەدەچن، دەسەڵات و کۆمەڵگەیەک ئەم بەربەریەتە ڕاینەچڵەکێنێت، دەبێت چاوەڕێی مردنێکی خێرا بێت."

 

"حزبەکان کاریان ڕووخاندنی ئەخلاقی کۆمەڵگە بووە"

ڤینۆس فایەق، نووسەر لەسەر ڕووداوەکە دەڵێت: "لە ساڵی ١٩٩١ەوە ئەو حزبانە ئیش لەسەر رووخاندنی ئەخلاقی کۆمەڵگە و پەکخستنی قانوون دەکەن، زیاتر لە ٣٠ ساڵە ئیش لەسەر شێواندنی ئەخلاقی گەنج دەکەن، ئەمە ١٠٠ ساڵی تر بردینییەوە دواوە، چی ماوە شانازی پیوە بکەین؟ ئەمە لوتکەی رووخانی ئەخلاقە، لوتکەی بێ ئەدەبی وبێ نامووسییە، چیمان ماوە شانازی پێوە بکەین؟ کوان بەرپرسەکانی قسەی زل دەکەن وسینگ دەردەپەڕێنن وهەموو دەسکەوتیان داخستنی چەند شوێنێکی رابواردنە؟؟؟؟

ھاوڕێیەکم گوتی ئەو کەسانەی لەو شوێنەن ھەموو بێ ئەدەبن، ئەو کچە نەدەبوو لەوێ بێت، ئای لەو کارەساتە، بێ ئەدەبیی کوڕان چەند ئاساییە ورەنگە جێی فەخری کەسوکاریشیان بن، ئەوە لە عەرەب، تورک، فارس یان هەر میللەتێکی تر بوەشایەتەوە بەهەزارەها کورد دەمی دەکردەوە وشیکاری زەبەلاحی بۆ دەکرد ولە ئاستیا دەبوونە مەسیح و مریەمی پاکیزە".

 

چالاکوان ئاشتی عەبدوڵا نووسیویەتی: "ئەوەی بەرامبەر کچێک ئەنجامدرا لە هوانە، جگە لەوەی هەڵسوکەوتێکی زۆر قێزەونە، نامۆیە بە سلێمانی، بۆیە هەموومان لێی هاتوینەتە دەنگ، بکەرانی ئەو ڕووداوەی ئەمڕۆ دەبێ دەستگیر بکرێن تا پەروەردەیەکی تەندروست بکرێنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی هەمووان بزانن کە ئەمە جێی قبوڵ کردن نییە".

 

پزیشک هەڤین کەمال دەربارەی هێرشکردنەسەر ئەو ژنە گەنجە وتی: "ئەی هاوار ئەم هەموو نێرە بێ پەروەردەیە چییە لەم وڵاتەدا و ئەی هاوار ئەو دایک و باوکانەی ئەم نێرانەش لە کوێن؟".

 

ڕوبار خالید، شانۆکار، دەڵێت: ئەمەی ئەمڕۆ بەرهەمی بڵاوکردنەوەی بیری داعشی و دڵ ڕاگرتنی شانە نووستوەکانی داعشە لەلایەن ئەوانەی بەزۆر خۆیانکردوە بەخاوەنی ئەم شارە 'شاری ڕۆشنبیری'.

 

"لە ژێر ماسکی بە ڕواڵەت ئارام چ دڕندەیەک خۆی حەشارداوە؟"

ڕێزان هەردی، چالاکوان، لەوبارەیەوە دەڵێت: "ساڵێک بەسوکایەتیکردن و توندوتیژی بەرامبەر بەخانمان دەستپێبکات، داخۆ دەبێت چ جۆرە ساڵێک بێت؟، من نازانم تاوانی ئەم خانمەی کە ئەمجۆرە ڕەفتارە مەترسیدار و ترسناکەی بەرامبەر دەکرێت چیە؟! بۆوای لێدەکەن؟ بەڵام یەک شت دەزانم، هەرچیەکی کردبێت، هیچ پاساوێک بۆ ئەم کردەوە قێزەوەند و مەترسیدار و توندوتیژە، ئەئاوا بەبەرچاوی خەڵکانەوە نیە!، کاتی ئەوە هاتوە یاسایەک دەربچێت، ئەوەی بەناحەق توندوتیژی بەرامبەر بەمرۆڤێک بەگشتی و بەتایبەت بەژنان، منداڵان، پیران دەکات، سزای توندی بەسەردا بسەپێنرێت.

 

هیوادارم دەستگا پەیوەندیدارەکان ئەم ڕەفتارە ناشایستە و نامرۆڤانەیە بەهەند وەربگرن و بەزووترین کات تاوانباران ڕادەستی دادگا بکەن و سزایان بدەن.، نابێت لەم کارە قێزەوەندە بێدەنگ بین. ئەم کردەوە و ڕەفتارە ناشرین و هێرشکردنە سەر مافی تاکەکەس، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگاکەمان و دەریدەخات، هەندێک لەئێمەی لەژێر ماسکێکی بەڕواڵەت ئارام و لەسەرخۆ، چ دڕندەیەک خۆی حەشارداوە؟؟!!.

 

لە هەرێمێکدا بەبەرچاوی خەڵکەوە، خانمێک بەرشەق دەدرێت و ئازاری جەستە و دەروونی دەدرێت؟! لەکاتێکدا بەترسەوە ڕادەکات و هەڵدێت و بە مرۆڤە چاوبرسی و دڕندەکان دەوورەدراوە و لە ترس و تۆقاندندا نازانێت ڕوو لەکوێ بکات و چ کونجێک بدۆزێتەوە تاخۆی تێدا حەشاربدا؟؟، بێ ئەوەی یەکێکیان لەم سەدان گەنجەی لەم کارەساتەدا بەشدارن، بێتە دەنگ و بڵێ بوەستن، ئەم خانمە لەوانەیە خوشکی دراوسێی یەکێکمان و ئامۆزای هاوڕێیەکمان و کچی خزمێکمان بێت؟، ساڵێک مافی مرۆڤ بەگشتی و بەتایبەت مافی ژنی تیدا پارێزراو نەبێت، بەساڵێکی مەترسیدار و خەمناکی دەبینم و بەساڵی ئارامیی و دڵخۆشکەری نابینم، هیوادارم هەڵەبم؟؟!!".

 

لە ڕاگەیەندراوێکیشدا بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ٧ تۆمەتباری سەرەكی ڕوداوەكەی گەڕەكی هوانە كە هێرشیان كردبووە سەرژنێکی گەنج دەستگیر كراون، ئاماژەی بەوەشداوە، لێكۆڵینەوە و بەداوداچوونەكان لە ڕووداوەكە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكانی دیكە بەردەوامن.

 

جێی ئاماژەیە سەرەڕای بەرزی ڕێژەی توندوتیژییەکان دژی ژنان، هیچ ئامارێکی فەرمی لەبەردەستدا نییە و بڵاونەکراوەتەوە، بەپێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسی نوژنها تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٣ ژن کوژراون، سووتاون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، چەندین ڕووداوی دەیکەش هەن کە توندوتیژین بەرامبەر ژنان و دەیان حاڵەتی کوشتنی ژنانیش بە نادیاری و شاراوەیی ماونەتەوە.