پاڵپشتی دارایی ژنانی خاوەنکار لە عێراق دەکرێت

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی "IOM" مەرجەکانی بەخشینی دارایی بۆ ژنانی خاوەنکار لە عێراق دادەنێت و بڕەکەشی ئاشکرا دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی شەممە ٢٤ی کانوونی یەکەم، بەرنامەی تواناسازی ژنان لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران پێوەرەکانی بەخشینی پاڵپشتی دارایی بۆ ژنانی خاوەنکار و بازرگان و چەند بابەتێک دانا، هەروەها لەکاتی ئاشکراکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق پشتیوانیان کردووە، ئاشکرایکرد کە کۆی تێچوونەکان گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیۆن دۆلار.

 

سارا غوڵام، سەرۆکی بەرنامەی تواناسازی ژنان لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی "INA"ی ڕاگەیاند، ڕێکخراوەکە بە چەندین بەرنامە پشتیوانی لە ژنان دەکات، کە یەکێکیان سندوقی گەشەپێدانی کۆمپانیایە، کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەخشین دابین دەکات و بەردەوامە لەو کارە.

 

ئەوەشی خستەڕوو کە "ژمارەی ئەو پرۆژانەی لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەرانەوە پشتیوانی دەکرێن گەیشتە ٣١٣ پڕۆژە و بڕەکەی نزیکەی چوار ملیۆن دۆلارە، بەپێی ئەو بەخشینە، ژنانی خاوەنکار توانیان پرۆژەکانیان فراوان بکەن و کار بنیادبنێن و زیاتر لە یەک هەزار و ٢٠٠ فەرمانبەر دابمەزرێنن.

 

سارا غوڵام وتیشی: ژنانی بازرگان و خاوەنکار بە کۆی گشتی ٩٠٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە بۆ فراوانکردنی پرۆژەکانیان و ڕەخساندنی هەلی کار، هەروەها کاری ئێستای ڕێکخراوەکە لە ١٣ پارێزگادا ئەنجام دەدرێت و ژمارەیان بەپێی بەرنامەی فراوانکردن لەزیادبووندایە و دەرگاکانیش کراوەیە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکان لەپارێزگا جۆراوجۆرەکانی عێراق.

 

ئەوەشی خستەڕوو کە چەند پێوەرێک هەیە بۆ پێدانی پاڵپشتی دارایی بۆ ژنانی بازرگان، لەوانە ئەو پرۆژەیە ماوەی سێ ساڵە لە ئارادایە، "پشتگیری لە خاوەنکارە نوێیەکان دەکەین لە بەرنامەیەکی تایبەتدا کە تێیدا ماوەی مانگێک بە لایەنی کەمەوە وەک مەرجێک بۆ پشتگیریکردن دیاری دەکەین، ئێمە هەروەها پێمان باشە کە ئەوان دەرچوو بن لە یەکێک لەو قەوارەی کە پشتگیری خولی ڕاهێنان دەکەن یان پەرە بە ژنانی خاوەنکار دەدەن، چونکە سندوقی گەشەپێدانی کۆمپانیا جگە لە پشتگیری دارایی، ئامانجی پشتیوانیکردنی ژنانی عێراق و دامەزراندنی ژنانی خاوەنکارە.

 

جەختیشی کردووەتەوە، کە بڕی بەخشینەکە لە نێوان ٥ تا ٣٥ هەزار دۆلارە و ئەگەر پڕۆژەکە باش بێت، دەتوانرێت بڕی بەخشینەکە زیاد بکرێت و ئامانجی سەرەکیش فراوانکردنی پرۆژەیە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان.