پزیشکە ئێرانییەکان لە وڵاتانی دەرەوە سزای لەسێدارەدان شەرمەزار دەکەن

پزیشکانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران بۆ ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانی کەسانی دیکە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکان و پەرستاران لە شارەکانی ئێران وەک تاران، مەشهەد و ئیسفەهان، لەسێدارەدانی دوو خۆپیشاندەر و سزای لەسێدارەدانیان بەسەر کەسانی دیکەدا شەرمەزار کرد، کارمەندانی پزیشکی لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی کۆبوونەوە، زۆرێکیان لەلایەن پاسەوان و ئەفسەرەکانەوە دەستگیرکران و براونەتە بنکەی پۆلیس، بەڵام دواتر هەندێکیان ئازاد کران.

 

بە وتەی یەکێک لە پزیشکە ئازادکراوەکان، پۆلیسەکان هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر واز لە خۆپێشاندان نەهێنن، دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی فەشەفەوییە، یەکێک لەو پزیشکانەی کە بەشداری کۆبوونەوەی پزیشکەکانی بەردەم زانکۆی ئەسفەهانی کردووە، ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر ئەفسەر لە بەردەم زانکۆکە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە.

 

هەروەها لە شاری مەشهەد، سەرەڕای توندی دۆخی ئەمنی، پزیشکان لەبەردەم نەخۆشخانەی بەهەشتی گردبوونەوە، بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیی و وێنانەکان لە سۆشیال میدیا، بووەتە هاندەرێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینی پزیشکانی ئێرانی لە وڵاتانی دەرەوە، هەربۆیە دوێنێ، ١٤ی کانوونی دووەم، پزیشکانی ئێرانی کە بنکەکەیان لە شاری هامبۆرگە، لە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران کۆبوونەتەوە و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیان شەرمەزار کرد.