پارێزەر خەدیجە ئیبراهیم: پێویستە ئاستی تێکۆشان بەرز بکرێتەوە
خەدیجە ئیبراهیم، پارێزەر و وتەبێژی دەستەی پاراستنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان باسی لە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و تیشکی خستەسەر بەرپرسیارێتییەکانی سی پی تی و ڕایگەیاند، پێویستە تێکۆشان دژی گۆشەگیری بەرزبکرێتەوە.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، چەندین ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی لە ژێر هەلومەرجی سەختی گۆشەگیریدا دەستگیرکراوە، عەبدوڵا ئۆجەلان کە لە ساڵی ٢٠١٩دا دوای مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکاندا پێنج کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزەرەکانی ئەنجامدا، لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١دا ڕووبەڕووی قەدەغەی پارێزەران دەبێتەوە و تا ئەمڕۆش گۆشەگیری بەردەوامە، لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١دا کۆتا چاوپێکەوتنی بەڕێوەچوو، بەڵام ڕاگەیەندرا، کە پەیوەندییەکە پچڕاوە و ماوەی ٢٠ مانگە هیچ زانیارییەک لەو ڕێبەرەوە نییە، سەردانی کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا-سی پی تی نیگەرانی دروستکردووە و نوسینگەی یاسایی ئەسرینیش لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە بیستویەتی عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ سی پی تی کۆنەبووەتەوە.
خەدیجە ئیبراهیم، پارێزەر و وتەبێژی دەستەی پاراستنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خستەڕوو و وتی: ماوەی چەند ساڵێکە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی لەژێر گۆشەگیرییەکی سەختدا دەستگیرکراوە، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەموو دەوڵەتانی نێودەوڵەتی بەشداری پیلانگێڕی سەر ڕێبەر ئاپۆن، بێگومان لەم گۆشەگیرییە سەختەدا دەستی وڵاتانی هەژموونخوازی تێدایە، ئەو دادگایەی کە بۆ ڕێبەر ئاپۆ دانراوە، دادگایەکی ناڕەوا بوو، ئەو گۆشەگیرییە هیچ پەیوەندی بە یاسا مرۆڤییەکانەوە نییە.
"سزای دیسپلینی و پێشێلکاری مافەکانی ڕێبەر ئاپۆ"
خەدیجە ئیبراهیم، تیشکی خستەسەر پیلانە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەپاندنی سزای دیسپلینی بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا و وتی: بەپێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ ئەم گۆشەگیرییە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئەوەندە گۆشەگیریی بەسەر زیندانییەکی سیاسیدا پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤە، دەوڵەتان هیچ هەڵوێستێکیان نییە و هیچ وەڵامێک نییە بۆ ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامیان داوە، لە لایەکی دیکەوە نزیکەی دوو ساڵە دەوڵەتی تورک هەر سێ مانگ جارێک سزای دیسپلینی بەسەر سەرۆک ئاپۆدا سەپاندووە، بەبێ ئەوەی پارێزەرەکانی ئاگادار بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی یارییە پیسەکانی ئەنجامبدات و لە مافی ئومێدکردن دایبڕن.
"قبوڵکردنی کەیسەکە لە دژی یۆنان هەنگاوێکی ئەرێنییە"
خەدیجە ئیبراهیم ئاماژەی بەوەکرد کە هەرچەندە زۆر درەنگ بوو بۆ قبوڵکردنی دۆسیەی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی یۆنان، بەڵام هەنگاوێکی ڕوون بوو و وتیشی: گەورەترین تاوان لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی دژ بە ڕێبەر ئاپۆ، تاوانی دەوڵەتی یۆنانە، چونکە کینیا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی دەستگیرکرد و ڕادەستی دەوڵەتی تورکی کرد، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ داوای یاسایی لەسەر یۆنان تۆمار کرد و ئەم کەیسە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا "ECHR" پەسەند کرا، قبوڵکردنی ئەم کەیسە هەنگاوێکی ئەرێنییە بەتایبەتی بۆ ئێمە، وەک دەستەی پاراستنی ئۆجالان بەهۆی ئەم خاڵەوە دەبێتە هاوکاری، هەرچەندە ئەم قبوڵکردنە زۆر درەنگ بوو، ئێمە پێشبینی دەکەین کە ئەنجامێکی باش بهێنێت، بەڕاستی ئەم کاتە ئەرێنییە بە کاری هەموو کەسێک کرا کە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵ دەگێڕێت، هاوکات بە سایەی کاری تەڤگەری ئازادی و شەهیدانە.
"ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەبێت"
خەدیجە ئیبراهیم داوای لە خەڵک کرد، کە ئاستی تێکۆشانیان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری بەرز بکەنەوە و لە کۆتاییشدا وتی: کارەکانمان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕاناگیرێت، ئێمە ناتوانین بە خێرایی سوود لە دامەزراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرین، بۆیە ئامانجمان لەوانەیە تا ڕادەیەک دوابکەوێت، پێویستە هیواکانمان نەپچڕێنین، هیوامان زۆر گەورەیە، لە کۆتاییدا ئەنجامێکی باش بەدەستدێت و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەبێت، دەبێت گەلەکەمان بە هەڵوێستێکی بەهێزترەوە کاربکەن بۆ داواکردنی ئازادکردنی سەرۆک ئاپۆ و چالاکی بەهێزتر، پێویستە ئاستی تێکۆشان بەرزبکەینەوە.