وڕک گرتن و توڕەیی لە منداڵدا

لاڤە دارا، پزیشکی پسپۆر، دەربارەی توڕەیی و وڕک گرتنی منداڵان هۆکارەکان دەخاتەڕوو، هەروەها چەند خاڵێک وەک پێویستی بۆ دایکان و باوکان ڕووندەکاتەوە تا منداڵەکە لەو بارودۆخە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

سلێمانی

 

لاڤە دارا عەلی، پزیشکی پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەکان دەربارەی وڕک گرتن و توڕەیی منداڵ نووسیویەتی: خۆی دەنوێنێت لە شێوەی گریان و کڕوزانەوە، تاکو دەگاتە هاوار و شەق و لێدان و هەندێکجار هەناسەگرتن و شین بوونەوە، بە یەکسانی لەنێوان کوڕان و کچاندا ڕوودەدات و بە زۆری لەنێوان تەمەنی ١-٣ ساڵی دەردەکەوێت، بەبەشێکی ئاسایی لە گەشەی منداڵ دادەنرێت کەڕێگەیەکە بۆدەربڕینی ناڕەزایی و ناڕەحەتی.

 

هۆکارەکان:

١. لەوانەیە منداڵەکە برسی بێت یان خەوی بێت و ناڕەحەت بێت.

٢. داوای شتێکی کردبێت و بەدەستی نەهێنابێت.

٣ .لەوانەیە لە تەمەنی دوو ساڵاندا کە هێشتا زمانی بە باشی نەگرتووە و دەربڕینەکانی تەواو نییە ناتوانێت پێویستییەکانی بە گەورەکان ڕاگەیەنێت و تووشی نائومێدی دەبێت.

٤ .بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سێ ساڵ زیاترن هەمیشە کێشەی کۆتڕۆڵکردنیان هەیە و بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕێن، منداڵەکە بەخەیاڵی خۆی دەڵێت (دەتوانم بیکەم) یان (بمدەرێ من ئەوەم دەوێت) کاتێک ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە ئەم حاڵەتەی تووش دەبێت.

٥ .لەوانەیە بۆ سەرنج ڕاکێشانی باوان بێت.

٦ .هەست کردن بەغیرە.

 

دەتوانم چی بکەم لە کاتی نۆبەکاندا:

پێویستە هێمنی خۆت بپارێزیت و دوورکەویتەوە لە توڕەیی و هەڵچوون، تاکو باردۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت بەپێی هۆکارەکە نۆبەکە چارەسەردەکرێت:

١.ئەگەر هۆکارەکەی برسێتی یان کەم خەوی و ناڕەحەتی بێت پێویستە چارەسەری بکەی.

٢.ئەگەر هۆکارەکەی سەرنج ڕاکێشانی باوان یان داواکردنی شتێک بێت، باشترە منداڵەکە ئیهمال بکرێت و هیچ کاردانەوەیەک نەنوێنرێت.

٣.ئەو منداڵانەی ڕەفتاری توندوتیژ دەنوێنن یان ئازاری خۆیان دەدەن پێویستە ببرێن بۆ شوێنێکی سەلامەت یان ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان گەورەترە، پێویستە بنێردرێن بۆ ژوورەکەی خۆیان تاکو هێور دەبنەوە.

٤ .گرنگترین خاڵ لە چارەسەردا ئەوەیە پاش ڕوودانی نۆبەکە باوان خۆڕاگربن و داواکاری منداڵەکە جێبەجێ نەکەن، چونکە ئەمە وا لە منداڵەکە دەکات فێربێت بۆ هەموو داواکارییەک دنیا بێنێتە خوارەوە، تاکو ئەوەی دەیەوێت بەدەستی دەهێنێت.

٥.دوورکەوتنەوە لە توڕە بوون، لێدان و شکاندن .

٦.پاش هێوربوونەوەی منداڵەکە پێویستە لەئامێز بگیرێت و خۆشەویستی بۆ دەرببڕدرێت و دەست خۆشی لێ بکرێت، کەوا هێمن بووەتەوە و ئێستا زیاتر خۆشەویستە چونکە گوێڕایەڵە.