شەهیدان، هێزی شۆڕش و نهێنی سەرکەوتنن
شەهیدبوون مردن نییە، هۆکاری هێز و ئازایەتی گەلێکە کە مردن قبوڵ دەکات بۆ ئەوەی کۆیلە نەبێت و بە هەر نرخێک بێت بژی...
هیما ڕاد
سنە- دوێنێ، ٥ی کانوونی یەکەم، چلەی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی محەمەد شەریعەتی و محەمەد لوتفوڵاهی بوو، کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە شاری سنە لە گۆڕستانی بەهەهشت محەمەدی خەڵک بۆ ڕێزلێنان لە چلەی ئەو دوو شەهیدە گردبوونەوە.
بەشی دوازدەهەمی گۆڕستانەکە پڕە لە شەهیدان کە گیانیان لەپێناو ئەم شۆڕشەدا بەختکردووە، دایکان لەسەر گۆڕەکانیان وەستاون و قسەیان لەگەڵ دەکەن چونکە پێیان وایە شەهید نامرێت.
بەهەشتی محەمەدی پڕە لە پارچە قوماشی سوور لەسەر گۆڕی شەهیدان، لێرەدا ڕەش بێ مانا و سوور هێمای هێز و ئازایەتییە، هۆکارەکەی هێز و ئازایەتی گەلێکە کە مردن قبوڵ دەکات بۆ ئەوەی کۆیلە نەبێت و بە هەر نرخێک بێت بژی.
لە فەرهەنگی کوردستاندا شەهید نهێنی سەرکەوتنە و لە دڵی گەلدا زیندووە.
لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە، کە دایکان لەسەر گۆڕی شەهیدان گۆرانی دەڵێنەوە، دەنگیان خەمڕەوێنە بۆ خۆیان و هەموو خەمبارەکان، دایکانی کوردستان لە دڵی کولتوورێکەوە هاتوونەتە دەرەوە کە ژن وەک خوڵقێنەر دەبینێت نەک لاواز.
شەهید ڕێگایەکی ڕوونە بۆ ئەم شۆڕشە، زامنی ئازادییە، دایکی شەهیدیش پێشەنگی ئەم شۆڕشەن، چونکە بە خوێنی گەنجی خۆیان، شۆڕشی ژینایان ئاودا، نەمامێکیان کردە دارێک کە هیچ هێزێک نەتوانێت بیبڕێتەوە.