ئاسیا عەبدوڵا: ژنان بەرخۆدان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن
پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە گفتوگۆیەکی سیاسی فراوانی لەسەر هێرشەکانی تورکیا دەیکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخرا و ڕایانگەیاند، "گفتوگۆی ئاشتیانە تاکە ڕێگەی چارەسەرە"
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی گفتوگۆیەک لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لەسەر دواین پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و یەک هەڵوێستی گەلی کورد دژی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشوور ڕێکخرا.
لە گفتوگۆکەدا پەیامێک لەلایەن ئاسیا عەبدوڵا، هاوسەرۆکی پەیەدە، موزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و بەیاننامەی پەیەدە پێشکەشکرا.
"ژنان بەرخۆدانی گەورە دەکەن بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا"
لە گفتوگۆکەدا پەیامی ئاسیا عەبدوڵا، هاوسەرۆکی پەیەدە پێشکەشکرا و ئاماژەی بەوەکرد، کە ئێمە پێویستە بە ڕێگەیەکی هاوبەش کار بکەین و دژی ئەو هێرشانە بوەستینەوە کە دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم هێرشانە مەترسیەکی گەورەی هەیە لەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد، چونکە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا تێکدانی دەستکەوتی گەلی کوردە، ئەمڕۆ ژنان بەرخودانی گەورە دەکەن بەرامبەر بەو هێرشانە.
لە بەیاننامەی پەیەدەدا ئاماژە بەوەکرا، کە مەترسییەکی جدی هەیە، چونکە هێرشەکان تەنها بۆ سەر ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو بۆ سەر باشووری کوردستانیشە، پلانی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات، وەکو پەیەدە لەگەڵ زمانی ئاشتین و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێت نەک بە شەڕ، لەگەڵ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سوری داین کە بەرژەوەندیەکانی گەل سەرچاوەی بێت و دوور لە دەستتێوەردانی تورکیا تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا.
"بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە نزیکەی ٢٠ هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون"
ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشووری کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها وتی: وەک دەزانین کە بە هۆی هێرشەکانی تورکیاوە چەندین خەڵک بوونەتە قوربانی و نزیکەی ٢٠ هەزار منداڵ بێبەشکراون لە خوێندن بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، وردە وردە هێرشەکانی قوڵتر دەبنەوە، تورکیا هەوڵ دەدات کە میساقی میکلی و پەیڕەوی دەوڵەتی عوسمانی دووبارە بکاتەوە، سیستەمی خۆبەڕێوبەڕی لە باکوور ڕۆژهەڵاتی سوریا ترسی لای دەوڵەتی تورکیا دروست کردووە.