ڕاگرتنی کارەکانی دەوریەی ئیرشاد تاکتیکی ڕژێمە بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین هونەرمەند و کەسایەتیی دیار کە بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران حیجابی زۆرەملێیان لابردبوو، دەستگیرکران، ڕاگرتنی کارەکانی دەورییەی ئیرشادیش تاکتیکێکی ڕژێمە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ بەسەر دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی گەلی کورد و گەلانی ئێران تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٤٠٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدانی دار لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسدارانەوە کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار بوون، بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس دەستگیرکراون.

 

لەم ماوەیەدا کۆماری ئیسلامی هەموو تاکتیک و فێڵێکی سیاسی بۆ سەرکوتکردنی بڵێسەی ڕاپەڕین بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" گرتووەتەبەر، گەڕاندنەوەی جوداخوازی بۆ گەلی کورد و بەلووچ و پەلاماردان و بۆردومانی ئۆردوگای حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژێم و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان خەڵکی دانیشتووی ئێران، هێرشی هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران و تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە خەڵک و گەڕاندنەوەی بۆ داعش و ...هتد، بەشێکن لە فێڵەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان، بەڵام باوەڕبوونی گەل بە شۆڕش و بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نەتوانی هیچ یەکێک لە پیلانەکانی ڕژێم سەرکەوتوو بێت و بەردەوام لە ڕاپەڕین.

 

قسەکانی محەمەد جەعفەر مونتەزری، داواکاری گشتی وڵات، لە ٣ی کانوونی دووەم، سەبارەت بە ڕاگرتنی دەوریەی ئیرشاد، لەکاتێکدایە کە هەمان بەرپرس هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکی ڕاگەیاندندا ڕایگەیاند، شتێک بە ناوی گەشتی ئیرشادەوە نییە، بەڵکو ناوی پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە، دەسەڵاتی دادوەریش بچووکترین هەنگاو یان پلانی بۆ داخستنی دەوریەی ئیرشاد نەناوە، قسەکانی داواکاری گشتی وڵات پلان و بەرنامەی کۆماری ئیسلامی و تاکتیکە سیاسییەکان نیشاندەدات و دەرخەری لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنی شۆڕش نیشان دەدات.

 

جێی ئاماژەیە کە قسەکانی محەمەد جەعفەر مونتەزەری سەبارەت بە داخستنی گەشتی ئیرشاد لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی دیکەی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتارەکانیاندا دانیان بەوەدا ناوە کە پرسی حیجاب یەکێکە لە پایەکانی حیکمەت و ناکرێ پشتگوێ بخرێت، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەکرێت بگوترێت شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەردەکەوێت و دوو لایەنی لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا دروستبووە.