پشتیوانی دایکانی لالە پارک بۆ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"

دایکانی پارکی لالە پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی جەماوەری گەلانی ئێرانیان کرد و ڕایانگەیاند کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بێباکانە، داهێنەرانە، ئازایانە و بەبڕیارانە خەبات دەکات بۆ ڕزگاربوون لە هەر دیکتاتۆریەت و هەڵاواردنێک و بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی.

ناوەندی هەواڵ

 

دایکانی لالە پارک بە بەیاننامەیەک پشتیوانی لە ڕاپەڕینی جەماوەری گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کرد و ڕایانگەیاند کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بێباکانە، داهێنەرانە، ئازایانە و بەبڕیارانە خەبات دەکات بۆ ڕزگاربوون لە هەر دیکتاتۆریەت و هەڵاواردنێک و بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی .

 

دایکانی لالە پارک سەبارەت بە بەرخۆدانی کوردستان و بەلوچستان ڕایانگەیاند: "تەنانەت ئێستاش شاهیدی ناڕەزایەتی بەرفراوانی ڕاپەڕیوانی کورد و بەلووچ و سەرکوتی دڕندانە و خوێناوین لەلایەن حکومەتەوە لە شەقامەکاندا، لە نەخۆشخانەکان و ماڵ بە ماڵ لە شارەکاندا، لە جوانڕۆ، مهاباد، سنە، بۆکان، کامیاران، پیرانشار، پاوە، سەقز، دیواندەرە، بانە، دێهگولان، قروە و شارەکانی دیکە کە بێبەزەییانە بەڕێوەدەچن".

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئێمەی دایکانی لالە پارکی ئێران، هاوشان و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"، خوازیاری ئازادی و ڕزگاری لە دیکتاتۆرییەت و لابردنی هەر جۆرە هەڵاواردن و نادادپەروەرییەکین، ئێمە ساڵانێکە بە بەردەوامی بۆ داواکارییەکانمان هاوار دەکەین".

 

دایکانی لالە پارک داواکارییەکانی خۆیان خستەڕوو؛
١- ئازادکردنی بێ مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و ئایدۆلۆژی.
٢- هەڵوەشاندنەوەی شەلاق و لەسێدارەدان، لەوانە؛ لە سێدارەدان، تیرۆرکردن، کوشتنی سەر شەقامەکان، قامچی لێدان، ئەشکەنجەدان، بەردبارانکردن و تۆڵەسەندنەوە.
٣- دادگاییکردن و سزادانی فەرماندە و بکەرانی سەرجەم ئەو تاوانانەی کە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە دادگای گشتی و دادپەروەرانە و جەماوەریدا ئەنجامدراون (سزاکان جگە لە ئێعدام).
٤- دەستەبەرکردنی ئازادی ڕادەربڕین، بیرکردنەوە و قەڵەم بەبێ مەرج.
٥- دەستەبەرکردنی ئازادی جلوبەرگ و مافی کۆنترۆڵکردنی جەستە بەبێ مەرج.
٦- بەکارهێنانی مافی ناڕەزایەتی و مانگرتن و گردبوونەوە و ڕێکخستن و حزبە سەربەخۆکان.
٧-بەهرەمەندبوون لە مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان و نەهێشتنی هەر جۆرە جیاکارییەک.
٨-جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەت.