سۆشیاڵ میدیا تێکدەری شیرازەی هەزارەها خێزان

سۆشیاڵ میدیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ زیاتر بەکارهێنەری هەبووە، لە کۆتای ساڵی ٢٠٢١دا بە تێکڕا بەکارهێنەری فەیسبوک دەکاتە ٢.٨٦ ملیار کەس، مانگانە ٢ ملیار کەس ئینستاگرامیان بەکارهێناوە و ڕۆژانەش ٢٠٦ ملیۆن کەس توویتەریان بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکدانی خێزان.

سلێمانی

 

سۆشیاڵ میدیا دنیایه‌كی فراوانی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، له‌ ئاكامی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیای ئینته‌رنێت و چه‌قبه‌ستوویی میدیای‌ كلاسیك هاتەئاراوه، ئەمەش دوای ئه‌وه‌ی میدیای باو تاكه‌كانی به‌ره‌و بێزاربوون و خۆونكردن و كه‌سایه‌تی لاواز و به‌لاڕێدابردنی كایه‌ مه‌عریفییه‌كانه‌وه‌ بۆ ونبوونی شوناسی راسته‌قینه‌ی میدیا‌ برد، سەریهەڵدا، تا له‌ دنیایه‌كی فراوانتر تاكه‌كان بڕواننه‌ شته‌كان و ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیدا مامەڵە بکەن و ببنه‌ به‌شێك لێیان.

 

خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا یان دروستكردنی سۆشیاڵ میدیای ساخته‌ یان ڕێگا پێنه‌دراو (په‌یج و ئه‌كاونتی فه‌یك‌) به‌ مه‌ترسیترین هه‌ڕه‌شه‌ و كوشنده‌ترین ڤایرۆسی سه‌ده‌ی ٢١ هه‌ژمار ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان سودێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا چه‌ندین كرداری مه‌ترسیدار و تاوانی ئه‌لیكترۆنی زۆری پێ ئه‌نجامده‌درێت، له‌وانه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و هه‌واڵی ناڕاست، بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی كه‌سانی دیكه‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی خودی كه‌سه‌كه‌، ‌بازرگانی كردن به‌ بابه‌تە نایاساییه‌كان و كه‌ره‌سته‌‌ ڕێگا پێنه‌دراوه‌كان یان به‌كارهێنانی زانیاری و داتای به‌كارهێنه‌ران بۆ مه‌به‌ستی جۆراوجۆر.

 

به‌كارهێنه‌ری سۆشیاڵ میدیا له‌ زیادبووندایه‌

سۆشیاڵ میدیا كه‌ ‌له‌ دوای ساڵانی٢٠٠٠وه‌ زیاتر تاكه‌كانی سه‌رقاڵ كرد، خه‌ریكه‌ جێی میدیای باو ده‌گرێته‌وه‌ و ژماره‌ی به‌كارهێنه‌ره‌كانی رۆژ دوای رۆژ زیاد ده‌بن، بۆ نموونه‌: ژماره‌ی به‌كارهێنه‌ری فه‌یسبووك به‌پێی راپۆرتی ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ كۆتای ساڵی ٢٠١٧ ده‌گاته‌ دوو ملیار كه‌س له‌ جیهاندا، کە ساڵی ٢٠٢١ گەشتە ٢.٨٦ بەکارهێنەر، تویته‌ر ژمارەی بەکارهێنەرانی له‌ سه‌رتاسەری جیهاندا ٣٩٦.٥ ملیۆن كه‌سە و ئینستاگرام ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ١.٣٨٦ ملیار بەکارهێنەری هەیە، هەرچی یوتوبە ٢ ملیار بەکارهێنەری تێپەڕاندووە و ژمارەکانیش بەردەوام لە زیادبووندان.

 

سوود و زیانه‌كانی سۆشیاڵ میدیا

سۆشیاڵ میدیا گه‌وره‌ترین كێبه‌ركێ له‌گه‌ڵ میدیای باو ده‌كات و خه‌ریكه‌ جێ پێی له‌ق ده‌كات، ئه‌م سۆشیاڵ میدیایه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ پەیوه‌ندی ئۆنلاین و خێراگه‌یشتنی زانیاری و هه‌واڵه‌كان و فراوانكردنی رۆشنبیری و مه‌عریفه‌ و زانست و بواره‌كانی تری ژیان و ئاسانكاری بۆ مرۆڤ هاته‌ كایه‌وه‌، به‌و واتایه‌ی سۆشیاڵ میدیا تا ئێره‌ سوودی زۆری هه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا‌ خه‌ریكه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ ‌و ده‌بێت به‌ چه‌كێكی كوشنده‌ له‌ ده‌ست ئه‌و كه‌سانه‌ی نازانن بۆ سوود به‌كاریبهێنن و بووه‌ته‌ ئامرازێكی مه‌ترسیدار و كوشنده‌ بۆ برینداركردن و ناشیرینكردنی مرۆڤ و شێواندنی پیرۆزییه‌كان و هێماكانی گه‌ل و مرۆڤایه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ له‌ ڕێی سێرڤه‌ر و ئۆفیسی سه‌ره‌كیی خۆیانەوە ئه‌و به‌كارهێنه‌رانه‌ بلۆك ده‌كه‌ن یان دیپۆرتیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌سانێك هه‌ر ماون بۆ كاری خراپ و نادروست ئه‌و تۆڕه‌ به‌سوودانه‌ به‌كاردەهێنن بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌ گڵاوه‌كانیان.

 

سۆشیاڵ میدیا کاریگەری لەسەر تێکدانی شیرازەی خێزان هەیە، کە دەبێتە ناوەندێک بۆ دوورکەوتنەوەی تاکەکانی خێزان و ئەمەش سەردەکێشێت بۆ کۆمەڵگە و دورکەوتنەوە و هەڵوەشانی لێدەبێتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە سۆشیاڵ میدیا لە ئێستادا بووەتە ناوەندێکی شەڕی تایبەت و لەسەر گەنج، ژنانی گەنج و تاکەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبرێت، کە دوورکەوتنەوە لە ڕۆشنبیری و ژیانی کۆمەڵایەتی ئامڕازەکانییەتی و ئاڕاستەکردنی گەنجان بەلای ژیانی خۆشگوزەرانی و مۆدێل و دوورکەوتنە لە هەستی نیشتمانی و ئاگادارنەبوون لە داگیرکاری و بەڕێوەبردنی داگیرکردن و دەستەمۆکردنی گەنجان بەشێکی سیاسەتەکانی پشت سۆشیاڵ میدیایە.