ژنانی ئەفغانستان سەد نامەیان لەسەر دۆخی ژنان بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ناردووە

ژنانی ئەفغانی سەد نامەیان بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە سەبارەت بە دۆخی ژیانی سەدان ژن لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی خۆپیشاندەر لە ئەفغانستان سەد کورتە چیرۆکی دیکۆمێنتییان سەبارەت بە دۆخی ژیانی سەدان ژنی ئەو وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ناردووە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و داوای گرنگی دان بە دۆخی ژنان دەکەن.

 

بەپێی هەواڵەکان، ١٠٠ بەڵگەنامە بۆ ماوەی ساڵێک کە تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە، لە شێوەی چیرۆکی دیکۆمێنتی بە فارسی و ئینگلیزی ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەم بە کۆمەڵ ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە.

 

ئەو ژنانەی کە نامەیان بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ناردووە، دەڵێن: "ئەم نامانە لە ڕاستیدا پەیامی ژیانی سەدان ژنن کە لە ژێر دەسەڵاتی دەسەڵاتدارترین ڕژێمدان لە ئەفغانستان، ژنان ئازاریان چەشتووە".

 

نامەکان بریتین لە "کوشتنی بە ئامانجی بەردەوامی ژنان، بەردبارانکردن، لێدان و دەستدرێژی سێکسی، ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیانە، هاوسەرگیری زۆرەملێ و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا، حیجابی زۆرەملێ، خراپ مامەڵەکردن، سوکایەتی و بێڕێزیکردن"، هەروەها بڕیاری هەڕەمەکی بەرامبەریان دەگیرێبەر وەک نکۆڵیکردن لە مافی خوێندن و کار و هۆڵی وەرزش و پارک و تەوالێت بۆ ژنان و کەیسەکانی تری پێشێلکردنی مافەکانی ژنان.

 

ئەوە لە کاتێکدایە لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێش ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی بکات، ژنان لە کۆمەڵگەی ئەفغانیدا لە کەرتە جیاجیاکاندا پێشکەوتنی بەرچاویان هەبووە، لەوانەشە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان، کارکردن لە فەرمانگەکانی پێشووی حکومەت کە نزیکەی ٣٠٠ ژن هەبوون و لە میدیا و وەرزشدا ئامادەبوون".

 

لە نامەکاندا هاتووە: "لەناکاو ڕەشەبا سەریهەڵدا، هەموو دەستکەوتەکانی گەلی ئەفغانستان بەتایبەتی ژنان لەناوچوون و تاڵیبان دیسان گەڕایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوەیەکی دڕندانەتر لە جاران دەستیانکرد بە لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانەی بەدەستهاتبوون، تاڵیبان بە سەپاندنی ئایدۆلۆژیای توندوتیژی خۆی نکۆڵی لە خەڵکی ئەفغانی کردووە بۆ گەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانیان و هەموو شێوازەکانی توندوتیژیان بە شێوەیەکی دڕندانە لە دژی ژنان پراکتیزە کردووە، ڕۆژانە بڕیارێکی نوێ دەردەکرێت بۆ بێبەشکردنیان لەچالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و میدیایی و تەنانەت ئازادی تایبەتیان".

 

ژنانی ئەفغانستان چەند جارێک ناڕەزاییان دەربڕیوە دژ بە نزیکبوونەوەی توندی تاڵیبان لە بەرامبەر ژنان و سەپاندنی سنوردارکردنی مافە سەرەتاییەکانیان کە لە ڕێگەی توندوتیژی و گرتن و لێدان و ئەشکەنجەوە سەرکوت کراون.