بەهۆی بۆردومانەکانی ئێران وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی دەرکرد

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکانی سەر کۆیە و زڕگوێز، چەند بڕیارێکیان دەرکردووە، هەروەها ڕاگرتنی دەوام لە چەند خوێندنگەیەکی کۆیە بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ بەیانی، ١٤ی تشرینی دووەم ڕژێمی ئێران بۆردومانی کۆیە و ڕزگوێزی کرد و بەپێی ئامارەکان هەشت بریندار و دوو شەهید هەبوون، ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٨ی ئەیلولیش سوپای ئێران هێرشیکردە سەر بنکە و بارەگاكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەوهۆیەوە ١١ هاوڵاتی شەهیدبوون و چەندین كەسیش برینداربوون.

 

بۆردومانەکان لە نزیک خوێندنگەکان بوون و ترس و دڵەڕاوکێیان لای خوێندکاران دروستکرد، هەروەها مەترسی بوو بۆسەر گیانی خوێندکاران بۆیە خوێندن لەو خوێندنگانە ڕاگیران، دوای بۆردومانەکەی دوێنێش وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شارۆچکەی کۆیەی کرد و کۆبوونەوە ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دەرکرا.

 

١- بەردەوامبوونی ڕاگرتنی دەوام لە چەند قوتابخانەیەک کە پێشتر دەواممان تێدا ڕاگرتبوو و قوتابخانەکان شوێنی دیکەیان بۆ دیاریکرابوو.

 

٢- بڕیاردرا سبەی تیمی ئەندازیاری بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر سەردانی شاری کۆیە بکەن و ڕەزامەندییان لەسەر دروستکردنی قوتابخانەیەک بە شێوازی کابینە و بە خێرایی بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە لەسەر بودجەی وەزارەت داوە.

 

٣- هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کرا بۆ ئەوەی قوتابخابەیەک لە کۆیە دروست بکرێت.

 

٤- بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر راسپێردرا، سبەی میکانیزمێک بگرنەبەر بۆ ئەوەی لەگەڵ پەروەردەی کۆیە تیمێک لە رێنمایکارانی پەروەردەیی سەردانی ئەو قوتابخانانە بکەن و کاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ باشکردنی لایەنی دەروونی قوتابیان و خوێندکارانی کاریگەر بە هێرشە موشەکییەکان.

 

٥- بڕیاردرا بە تەرخانکردنی بڕی پەنجا ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتی کارەکانی پەروەردەی کۆیە لە دروستکردنی پۆلی خوێندنی زیادە بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشار بەهۆی داخستنی زیاتر لە پێنج ناوەندی خوێندن .

 

٦- زیاتر لە ٧١ ملیۆن دینار بڕیاری تەرخان و خەرجکردنی درا بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامادەیی کۆیە و ئامادەیی تەقتەق.

 

 

لەبارەی بۆردومانەکەی زڕگوێزیشەوە وەزیری پەروەردە ئەوەی خستووەتەڕوو، "هەر ئەمرۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی راسپێردرا کە ڕێکاری پێویست تاوتوێ بکەن سەبارەت بە قوتابخانەی زڕگوێز و چۆنییەتی دەستبەرکردنی خوێندنی قوتابیان لە سنوورەکەدا."