ئەنجامنامەی دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لە بەرلین
لە کۆتایی دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لە بەرلین تۆڕی "ژن، ژیان، ئازادی، ژنان ئازادی خۆیان بنیات دەنێن” ڕاگەیەنرا و ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەش خرایەڕوو.
ناوەندی هەواڵ
٥-٦ی تشرینی دووەم، دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لەلایەن تۆڕی ئایندەی ژنانەوە بە دروشمی "شۆڕشی ئێمە، ئازادکردنی ژیانە" لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە بەشداری ٨٠٠ ژن لە ٤١ وڵاتەوە بەڕێوەچوو، ژنان باسیان لە دۆخی ئێستای تێکۆشانی ژنان لە جیهاندا کرد و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دروشمی سەرەکی ژنان بوو.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا ژنانی جیهان لە پانێڵەکاندا باسیان لە دۆخی ژنان لە وڵاتەکانی خۆیاندا کرد و هاوکات سیاسەتی جیهانی و یاساکانی لە دژی ژنانیان خستەڕوو، چارەسەری دۆخی ژنانیشیان بە تێکۆشانی هاوبەش و پشتیوانی ژنانی جیهان لەیەکدیان لە قەڵەمدا.
ئەنجامنامەی دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان بڵاوکرایەوە و تێیدا تۆڕی ”ژن، ژیان، ئازادی، ژنان ئازادی خۆیان بنیات دەنێن” ڕاگەیەنرا، و لە بەشێكی ئەنجامەكەدا هاتووە، هاوكات لە گەڵ بەرێوەچوونی كۆنفرانسەكەمان دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” وەك دروشمی سەرەكی سەرهەڵدانەكان و چارەسەری لە هەموو جیهان بەرزدەكرێتەوە و دەوترێتەوە، ژنان بۆ ئەوەی سەدەی ٢١ بكەنە سەدەی خۆیان، لە سەرتاسەری جیهان هاتوونەتە دەنگ.
ئاماژە بەوەشكراوە، سیستمی سەرمایەداری جیهانەكەمان بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم دەبات، ئێمە دەڵێین: نا بۆ ئەم بیروبۆچوونە و ڕایدەگەیەنین، ئێمەی ژنان خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە ژیانێكی ئازاد و دادپەروەرانەتر بۆ هەمووان و دەبینە پێشەنگ لە بنیاتنانی ئەو سیستمەی تامەزرۆیین.
لە بەشێكی تری ئەنجامەكەدا هاتووە، ئێمە لە دژی میلیتاریزم، ڕەگەزپەرستی، پیاوسالاری، كۆمپانیا و دەوڵەتە سەرمایەدارییەكان ڕوو لە گۆڕەپانەكان دەكەین و ناڕەزایەتی دەردەبڕین، هەر بۆیە لە ئێمە دەترسن، ئێمە زیاتریش ئەوان دەترسێنین، لە بەرامبەر ئەو سیستمەدا كە كردەوەكانمان، قسەكانمان، بەرگرییە سروشتییەكانمان بە تاوان دەزانێت و وزەی ژیانمان بە تاڵان دەبات یەكدەگرین و گەشە دەكەین.
لە ئەنجامی كۆنفرانسەكەدا وێڕای ئاماژەدان بە كوژرانی “ژینا ئەمینی” لەلایەن هێزەكانی ڕژێمی ئێران و “ناگیهان ئاكارسەل” لەلایەن هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك، باس لەوەشكراوە، ڕۆژانە لە سەرتاسەری جیهان ژنان هاوشێوەی كوردستان دەگیرێن، دەكوژرێن و ئەشكەنجە دەدرێن و ئێمە دەربڕینی بەرخۆدانی ئەوانین.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەزمونی تێكۆشانی ژنان سەدان ساڵە بەردەوامە و لە سەدەی بیست و یەكدا گەیشتۆتە ئاستێكی جیاواز، ئێمە بە پڕۆسەیەكدا تێدەپەڕین كە بەشە جیاوازەكانی كۆمەڵگا، ئازادی خۆیان لە ئازادیی ژناندا دەبینن و پێیان وایە ئازادی ژنان، كۆمەڵگا ئازاد دەكات.
لە بەشێكی تری ئەنجامەكەدا باس لەوەكراوە، ئێمە لە سەردەمێكی نوێی تێكۆشان بۆ ئازادی دەژین، كە شۆڕشی ژنان سەركردایەتی دەكات، وەك بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان وتویەتی: “ئەو ژیانەی كە دەتەوێت بە موعجیزە دەستبەر نابێت، لە ڕێگەی شۆڕشەوە بنیات دەنرێت”، ئێمە لە كوردستان، ئێران، ئەفغانستان، ئەمریكای لاتین و ئەوروپا بۆ ئەو ژیانەی دەمانەوێت ڕادەپەڕین و تێكۆشان دەكەین.
جەختیشكراوەتەوە، ئێستا ئێمە لە سەردەمی ژنان داین، گرنگترین وەڵام لەم كاتەدا، كە دەبێت بدرێتەوە، لە تێكۆشانی هاوبەشی ژنان و پاراستنی تۆڕی یەكێتی و پاڵپشتیدایە، لە ڕێگەی ئەم كۆنفرانسە ئێمە، ‘ژن، ژیان، ئازادی: تۆڕی ژنان داهاتوو بنیات دەنێن’ ڕادەگەیەنین، پاشان كاری سەرەتایی كە دەیكەین بەرهەمهێنانی ئەو نەخشە هاوبەشەیە كە دوو ڕۆژە باسی دەكەین.
لە كۆتایشدا داوا لە سەرجەم ئەو ژنانە كراوە، كە ژیانێكیان لە دەرەوەی سیستمی ئێستا دەوێت، بچنە ناو تۆڕەكەیانەوە و تێكۆشانێكی هاوبەش لەسەر بنەمای ‘شۆڕشی ژنان’ پەرەپێبدەن.