کۆمیتەی ژینگەی کۆنگرەی ستار یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات

بە دروشمی "بۆ عەقڵییەتێکی ژینگەیی، با زانستە کۆمەڵایەتیەکان پێشبخەین و لەگەڵ سروشت ببین بە یەک"، کۆمیتەی ژینگە لە کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.

حەسەکە

 

کۆمیتەی ژینگەی کۆنگرەی ستار ڕۆژی شەممە، ٥ی تشرینی دووەم لە ناوەندی پەیەدە لە شاری حەسەکە بە بەشداری ٣٠ نوێنەر لە بەڕێوبەرایەتی کۆنگرەی ستار و کۆمیتەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی ژنان و شارەوانییەکان و کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە حەسەکە و قامیشلۆ، یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجامدا.

 

کۆمیتەی ژینگە لە ٨ی ئازاری ٢٠٢٢دا، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ژنان و ٤ی نیسان کە لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، یەکەمین هەڵمەتی دەستپێکرد، لە درێژەی لێدوانێکی فەرمیدا بە دروشمی "بە پێشەنگایەتی ژنان دەگەڕێینەوە بۆ کەشێکی کۆمەڵایەتی" بەبەشداری زیاتر لە ٧ دامەزراوە و کۆمیتە ١٦٠ سیمینار بە بەشداری دوو هەزارو ٥٥٨ کەس لەلایەن کۆمیتەکانی پەروەردەوە، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنگرەی ستار و کۆمیتەی شلێر بەڕێوەچوو و زیاتر لە دوو هەزار نەمام چێندران و هەڵمەتی پاککردنەوەی ژینگە ڕێکخراوە.

 

شۆڕشی ژینگەیی بە پێشەنگایەتی ژنان

نەورۆز کۆبانێ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کۆبوونەوەکەدا وتی: "پێویستە شۆڕشێکی ژینگەیی بە پێشەنگایەتی ژنان بکرێت بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەک بەرجەستە بکرێت"، هەروەها ئاماژەی بە سیاسەتە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک و هێرشەکانی بۆ سەر ژینگە و سروشت و سوتاندنی دار و وێرانکردنی سروشت و بڕینی ئاو و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد.

 

نەورۆز کۆبانێ ١٧ شەڕڤانی هێزەکانی بەرگری گەلی بەبیرهێنایەوە کە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک و جەختی لە مەترسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ گەردوون و سروشت کردەوە، کە ئەو چەکە کیمیاییانەی لە جوگرافیای کوردستاندا بەکاردەهێنرێن هاوسەنگی جیهانیی ژینگەیی تێکدەشکێنن.

 

کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و پەرەپێدانی پلانی کار بۆ قۆناغی داهاتوو و هەروەها بڕیار لەسەر دامەزراندنی پلاتفۆڕمی ژنان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ژینگەیی کۆتایی هات.