دوای ١٠ ساڵ لۆکە چێندرا

چاندنی لۆکە یەکێکە لە کولتوورە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێی دەوترێت "زێڕی سپی" هەروەها لە پلەی دووەمدایە لەسەر ئاستی جیهان لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە و لە دروستکردنی چنیندا دەبینرێت.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ دەوڵەمەندە و زۆرینەی ناوچەکانی سوریا کولتووری چاندنیان هەیە، لەم ساڵانەی دواییدا ئاڵۆزییەکانی سوریا بووە هۆی ئەوەی کە چەندین جۆری کشتوکاڵی لە هەرێمەکە لەبیربکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەرفەتی دابینکردنی کشتوکاڵ.

 

کشتوکاڵی لۆکە یەکێکە لە گرنگترین بەروبوومەکانی هەرێمەکە و هەموو ساڵێک دوای لابردنی گەنم، جوتیاران لە هاویندا دەستیان بەچاندنی دەکرد، لەگەڵ ئەم چەند ساڵەی ئاڵۆزیدا ئەم هەموو کشتوکاڵە بەهۆی کەمی ئاو و باران لە وەرزی زستاندا بەرەو لەناوچوون چووە، هەڵمەتی گەل بۆ چاندن لەمساڵدا، چاندنی لۆکەی زیندوو کردەوە و هەلی کار بۆ جوتیاران ڕەخسا، نزیکەی ٥٠٠ دۆنۆم زەوی بۆ چاندنی لۆکە تەرخانکرا و بەرهەمیشی وەک یەکەم ئەزموون بە ڕێژەی ٨٠٪ سەرکەوتوو بوو.

 

"کشتوکاڵی لۆکە لە هەرێمدا پێویستییەکی گرنگە"

ئاهین خەلیل، ئەندازیاری کشتوکاڵی، باسی لە کشتوکاڵی لۆکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرهەمەکانی کرد و وتی: هەرێمەکانمان بەهۆی نەبوونی دەرفەتی دابینکردنی زەیت و تۆوی کشتوکاڵی دیکە پێویستیان بە کشتوکاڵی لۆکە هەیە، ویستمان ئەمساڵ وەک یەکەم ئەزموون کشتوکاڵی لۆکە زیندوو بکەینەوە، لە مانگی ئایاردا دەستمان بە چاندنی کرد و پڕۆژەکەمان پراکتیزە کرد، لەلایەکی دیکەوە هەموو ئەو پێداویستییانەی دیکە وەک ئاو و سوتەمەنیمان دابینکرد، چونکە چاندنی لۆکە پێویستی بە ئاوە، ئێمە بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا ئاودانمان دەکرد و لە کاتی گەرمادا بۆ ١٠ کاتژمێر زیادمان کرد، نەخۆشییەکانمان دەرمان دەکرد و بەرهەمێکی باشی بەخشی، جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ دەبینین کشتوکاڵی لۆکە-پەموو جارێکی تر لە هەرێمەکە زیندوو بووەتەوە.

 

لۆکە بەروبوومێکی زۆر بەسوودە و ئەو بەرهەمانەی لێی بەرهەم دەهێنرێت زۆرن

ئاهین خەلیل سەرنجی ڕاکێشایە سەر بەرهەمەکانی لۆکە و وتی: سوودەکانی لۆکە زۆرن و ئەو خاکەی تێیدا چێندراوە سودی هەیە، دوای ئەوەی کە لۆکەکان کۆدەکەینەوە، دەیبەینە کارگە و پاکی دەکەینەوە، پاشان تۆو و لۆکەکە جیادەکەینەوە، لە کارگەدا زەیتی لۆکەی لێدروست دەکەین، لۆکە خۆی دەچێتە کارگە تایبەتەکان و جلوبەرگی لێدروست دەکرێت، ئێستا ١٢ جۆری لۆکەمان چاندووە، ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بزانین کامە تۆو لە هەرێمەکەماندا بە باشی شین دەبێت، ساڵانێک پێش ئێستا لۆکە زۆر کەم دەچێنرا، چونکە چەند ساڵێکە باران نەباری، کشتوکاڵی لۆکە سەرکەوتوو نەبوو و جوتیارەکان ترسیان لە چاندنی هەبوو.

 

ئاماژەی بەوەشدا دوای کۆکردنەوەی لۆکەکە لقی دارەکانی وشک دەکرێنەوە و چەندین خێزان بۆ ئاگر بەکاریدەهێنن و نان و خواردن لەسەر ئاگرەکەی دروستدەکەن، لەلایەکی ترەوە ئەمساڵ کە لۆکە دەچێندرێت دوای ئەو وەرزە کە گەنم دەچێنین، خاکەکەی ڤیتامینێکی زۆری وەرگرتووە و بەرهەمی گەنمیش باشتر دەبێت، هەروەها کارمەندەکانمان هەمووی ژنن و ئاسوودەییەکی باش و بەهێز هەیە لە ڕووی کار و دانوستانەوە لە نێوانماندا، هیوام ئەوەیە کە هەمیشە لۆکە لە هەرێمەکە بچێنرێت".

 

"کشتوکاڵی لۆکە لە هەرێم دەرفەتێکی باشە بۆ فەرمانبەران"

عایشە عەبدولکەریم باسی لە کارکردنی لەناو کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا کرد و وتی: ماوەی ١٨ ساڵە لە بواری کشتوکاڵدا کار دەکەم، ماڵی باوکم هەموو ساڵێک لۆکەیان دەچاند و لە منداڵییەوە لە کێڵگەی لۆکەدا بووم، پاش ئەوەی هاوژینەکەشم کۆچی دواییکرد، بژێوی منداڵ و ماڵەکە کەوتە سەرشانی من بۆیە بەردەوام بووم تێیدا، کشتوکاڵی لۆکە لە هەرێمدا دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئێمە چونکە زۆربەی خەڵک ژیانیان لەسەر کشتوکاڵە، نزیکەی ٧٠ کارمەندی ژن لێرە کار دەکەن و هەلی کار زۆرە، ئێمە پێویستە لە ماوەی مانگێکدا گواستنەوەی لۆکەکە تەواو بکەین، چونکە کاتی ئەوە هاتووە زەویەکە بکێڵینەوە و دەست بکەین بە چاندنی گەنم پێش ئەوەی زستان بێت.