دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن لە ئێران زیاتر دەبێت

لە ئێران زیاتر لە مانگێکە ڕاپەڕین درێژەی هەیە و توندوتیژی و گوشار و هەڕەشەکان لە دژی خۆپیشاندەران بەردەوامە، هێزە ئەمنییەکانیش لە ڕێگەی دەستگیرکردنەوە دەیانەوێت سەرکوتی خۆپیشاندانەکان بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە ڕاپەرینی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی گرتن و هەڕەشەکردن لە چالاکوانان دەیەوێت سەرکوتی خۆپیشاندانەکان بکات، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕەشبگیری هاوڵاتیان بەڕێوەدەچێت و ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەم، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زوحا عەبدی، خوێندکارێکی دەرمانسازی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیسفەهان دەرچوو بەهۆی هاوکاریکردنی خوێندکارێکی دیکەی بریندارەوە.

 

چالاکوانان دەستگیر کران

جگە لەوەش دەزگای ئیتلاعات ڕوئفە میرباقری، چالاکی مافی ژنانی خەڵکی تێنکابن و مینا جەنداغی، دەرونناس و ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی منداڵانی دەستبەسەر کردووە و هیچ زانیارییەکانیان لە بارەوە نازانرێت.

 

هەیفا مەسعوودی چالاکوانی مەدەنی شاری سنە دەستگیرکراوە لەکاتێکدا ئێستا هیچ تۆمەتێک لە دژی نەدۆزراوەتەوە، خێزانی هەیفاش نیگەرانی خۆیان بۆ کچەکەیان دەربڕیوە کە پێشتریش چەندین جار بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە دەستگیرکرابوو.

 

تا ئێستا نازانرێت بۆ کوێ بردراون

هێزە ئەمنییەکان لە تەبرێز، فاتمە ئەلفی و هاوژینەکەیان دەستگیرکردووە، هەروەها یەگانە غولان حسێنزادە، خوێندکاری دەرچووی ئەندازیاری کشتوکاڵی زانکۆی شەهید بەهنار لە کرمان، دەستبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک دەربارەی شوێنەکانیان نازانرێت.

 

داوای هەڵوێستی بەپەلە دەکرێت

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەپەلە دانیشتنێکی تایبەت لەسەر پرسی ئێران ئەنجامبدات، بە مەبەستی پێشگرتن لە زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان. ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەم، نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانیی خۆی لە کردەوەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی زیندانیکراو دەربڕی.

 

ڕاڤینا شەمداسانی، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە جنێڤ بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، دەسەڵاتداران خۆپیشاندەرانی برینداریان لە نەخۆشخانەکانەوە گواستووەتەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و تا ئێستا تەرمی کوژراوەکان ڕادەستی کەسوکارەکانیان نەکراوەتەوە.