سۆماڵ ڕووبەڕووی وشکەساڵی و باری ئەمنی خراپ بووەتەوە

هەزاران کەس لە سۆماڵ ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بەدوای خۆراک و ئاودا بگەڕێن بۆ خێزان و ئاژەڵەکانیان، ئەوەش بەهۆی وشکەساڵی و نائارامی لەو وڵاتەدا هاتووەتە ئاراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی وشکەساڵی ئەمساڵەوە لە سۆماڵ ئاوارە بوون نزیکە لە یەک ملیۆن کەس، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس بەهۆی ململانێ و خراپی باری ئەمنیەوە ئاوارەبوون.

 

فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٤ی تشرینی یەکەم، داوای فراوانکردنی بەپەلەی پشتیوانی مرۆیی بۆ سۆماڵ کرد بۆ یارمەتیدان و ڕێگریکردن لە خراپبوونی دۆخی مرۆیی لەو وڵاتەی کە ڕووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە.

 

وشکەساڵییە کارەساتبارەکە کۆمەڵگەکانی پاڵ بە لێواری برسێتیەوە ناوە، زیاتر لە ٤.٣ ملیۆن کەس بەدەست نائاسایشی توندی خۆراکەوە دەناڵێنن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، لە کاتێکدا کیشوەری ئەفریقا ڕووبەڕووی خراپترین وشکەساڵی دەبێتەوە لە ماوەی ٤٠ ساڵدا، هەزاران کەسیش لەم دواییانەدا ناچار بوون لە ماڵەکان بەدوای خۆراک و ئاودا دەگەڕێن بۆ خێزانەکانیان و ئاژەڵەکانیان.

 

فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵا، سەردانی وڵاتی سۆماڵی کردووە بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی خراپتربوونی باری نائاسایی، هەروەها بانگەوازی لە کۆمەڵگەی مرۆیی کرد بۆ یارمەتیدانیان و وتی: برسێتی چاوەڕێی ڕژانی سەرچاوەکان ناکات، خەڵکی ئاوارە ناتوانن چاوەڕێی سەرچاوەکان بکەن، ئەوەی ئێستا پێویستە ئەوەیە کلینیکێکیان هەبێت منداڵەکانیان ببەن.

 

بەپێی ئامارەکانی تۆڕی پاراستن و چاودێری گەڕانەوە کە لەلایەن UNHCR سەرپەرشتی دەکات، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە تەنها لەم ساڵدا ئاوارە بوون نزیکە لە یەک ملیۆن کەس و نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسی دیکەش بەهۆی ململانێ و نائارامی لە سۆماڵ ئاوارە بوون.

 

زۆربەی ئاوارەکان لە ناوچە شارییەکان و دەوروبەری شارەکان لە دۆخێکی سەختدا دەژین، چانسی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان زۆر کەمە، هەروەها زیاتر لە ١٦ هەزار سۆماڵی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ەوە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ کۆچیان بۆ دۆلۆ ئادۆ لە ئەسیوپیا کردووە و مەزەندە دەکرێت بە ٢٠ هەزار پەنابەر ئەمساڵ کەسێکی سۆماڵی ڕێگەی خۆی بۆ کینیا بگرێتەبەر و لە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی ململانێ و وشکەساڵی هەڵهاتوون.

 

فیلیپۆ گراندی جەختی لە پێویستی وەبەرهێنان کردەوە بە یارمەتی دەزگا مرۆییەکان و دامەزراوە داراییەکان بۆ ئەوەی داهاتوویەکی گەشبین تر بە سۆماڵ و گەلەکەی بدرێت.