" تیرۆركردنی چالاكوانانی سیاسی گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار"
شیرین ئەمین، پەرلەمانتار، داوایەک ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ دەکات و ئاماژە بە تیرۆرکردنی چالاکوانانی سیاسی دەکات و دەڵێت، "گەشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار".
ناوەندی هەواڵ
شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاداشتێک، سەبارەت بە تیرۆرکردنی ژمارەیەک چالاکوانی سیاسی لە باشووری کوردستان، ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات کە بگاتە وەزارەتی ناوخۆ.
شیرین ئەمین لە یاداشتەکەیدا دەڵێت: ئەم کردەوە تیرۆرییە گەشتووەتە ئاستێکی ئێجگار مەترسیدار، لە کاتێکدا هیچ کەسێک لە ئەنجامدەرانی ئەو کردەوانە دەستگیرنەکراون و ناسنامەی بکوژان نەزانراوە و ئاشکرا نین، ڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکان چییە کە چەندین کەسایەتی بە ئاشکرا و لە شوێنی گشتیدا تیرۆر دەکرێن.
ئەو پەرلەمانتارە لە یاداشتەکەیدا داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ڕۆڵی خۆیان بگێرن لە پاراستنی ژیان و کەرامەتی هاوڵاتی و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کردەوەی تیرۆر.
جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ، ٥ی تشرینی یەکەم شیرین ئەمین لە هۆڵی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا باسی لە نائەمنی و نائاسایشی باشووری کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی کرد و وتی: تیرۆری سیاسی گەشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، لە ماوەی چەند مانگێکدا چەندین کەسی سیاسی تیرۆرکراون بەبێ ئەوەی دەست بۆ کەسانی تۆمەتبار و تاوانبار ببرێت و بدرێنە دادگا.