سودان، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی لافاوەکەوە بۆ ١١٨ کەس بەرزبووەوە

ژمارەیەک پارێزگای سودان ڕووبەڕووی بارانی بەخور و لافاو بووەوە و زیانی گەورە بەر ئەو وڵاتە کەوت، جگە لە وێرانبوونی ماڵان و شوێنە گشتییەکان، ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ ١١٨ کەس بەرزبووەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەیەک پارێزگای سودان ڕووبەڕووی بارانی بەخور و لافاو بووەوە و زیانی گەورە بەر ئەو وڵاتە کەوت و زۆرێک لە ماڵان و شوێنە گشتییەکان وێران بوون، ئەنجومەنی نیشتمانی بەرگری شارستانی لە سودان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، ١١ی ئەیلول، ژمارەی قوربانیانی لافاو بۆ ١١٨ کەس بەرزبووەتەوە و ١١٨ کەسی دیکەش بریندارن لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە.

 

ڕوونیشی كردەوە كە ٤٢ هەزار و ٢٣٨ خانوو بە تەواوەتی ڕووخاون، ٦٤ هەزار و ١٠٩ خانوو بەشێكیان ڕووخاوە، جگە لەوەی زیان بە ٣٤٧ دامەزراوە و ٢٦١ فرۆشگا کەوتووە، بەرزترین ڕێژەی مردن كە ٢٦ كەس بووە لە باكووری كۆردۆفان تۆماركراوە، بەرزترین ڕێژەی برینداربوون ٤٩ كەس بووە لە باشووری کۆردۆفان بوو.

 

ئەنجومەنی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشدا کە دامەزراوە زیانلێکەوتووەکان لە ویلایەتەکاندا بریتین لە ٢٣٦ کەرتی پەروەردەیی، ٢٣ کەرتی تەندروستی، ٢٨ کەرتی خزمەتگوزاری و دامەزراوەی دیکە، هەروەها هەوڵەکانی فریاگوزاری و یارمەتییەکان کە لەلایەن دەزگا فەرمی و جەماوەرییەکانەوە پێشکەش دەکرێن، جگە لە هەوڵەکانی دیکەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەردەوام بوون.

 

رۆژی ٢١ی ئاب، ئەنجومەنی وەزیران لە شەش ویلایەتی ڕووباری نیل، گەزیرە، نیلی سپی، کۆردۆفانی ڕۆژئاوا، باشووری دارفور و قەسالا بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەوە باری نائاسایی ڕاگەیاند، لە هەمان مانگدا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە نزیکەی ٢٢٦ هەزار سودانی زیانیان بەرکەوتووە.

 

بارانبارینی بەخوڕی پاییز لە سودان لە مانگی حوزەیران تا تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک بەردەوام دەبێت.