لە عومان زیاتر لە ٤٠٠ ژن بوونەتە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ لە عومان، ٤٠٠ ژن کە بۆ بژێوی ژیانیان لە ماڵاندا کاریان دەکرد، بوونەتە قوربانی بازرگانی بە مرۆڤ.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی "دۆ بۆڵد" کە پشتیوانی لە کرێکارانی پەنابەر دەکات، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئاشكرا كراوە كە ٤٠٠ ژن، کە لە عومان وەك كرێكاری ماڵان كاریان كردووە، لە وڵاتی سیرا لیۆن لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە هاتوون و بوونەتە قوربانی بازرگانی بە مرۆڤەوە، ئەو ژنانەش ناچار بە کارکردن کراون و بە شێوەیەكی سیستماتیك هەراسان كراون.

 

بەپێی راپۆرتەكە، لە عومان نزیكەی ١٥٨ هەزار ٥٣٧ پەنابەر هەن كە كرێكاری ماڵانن، ئەو كەسانەش ناچارن زۆرتر كار بكەن و پارەی كەمتر وەردەگرن، ڕووبەڕووی ئازاردانی جەستەیی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ دەبنەوە و یەک لەسەر سێی ئەو ژنانە تووشی دەستدرێژی سێکسی بوون.

 

راپۆرتەكە دەریدەخات ئەو ژنانەی لە سیرا لیۆنەوە دێن لە عومان بۆسەیان بۆ دانراوە و هیچ میكانیزمێك نییە بۆ سكاڵاكردنیان، بۆیە هیچ رێوشوێنێك بۆیان ناگیرێتەبەر. کرێکارانی ناوماڵ دەبێت پارە بدەن بۆ ئەوەی واز لە کارەکانیان بهێنن تا لە بارودۆخی نامرۆڤانەی کارکردن ڕزگاریان بێت.

 

هەفتەیەک بێ نان و ئاو مایەوە

لە عومان بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی لەسەر دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، پشتیوانییەکی کەم بۆ کرێکارانی ناوماڵ هەیە و کاتێک کرێکارانی ناوماڵ سکاڵا لە کارەکانیان دەکەن، دۆخیان خراپتر دەبێت. لە ڕاپۆرتەكەی دۆ بۆڵددا، چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنێکدا کراوە بە ناوی ماریاما، وتوویەتی، كاتێك ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ سیرالیۆن، ئەو كەسەی بەکرێی گرتووە، لێی داوە و بۆ ماوەی هەفتەیەك لە ژوورێكدا بێ نان و ئاو دەرگای لەسەر داخستووە.

 

فاتماتا کارێکارێکی دیکەیە و بە دۆ بۆڵد دەڵێت، لەو ماڵەی کە کاری تێدا دەکرد، ژووری نووستنی پێنەدراوە، ناچار بووە لە ناوەڕاستدا بخەوێت، چەندین کاری نامرۆڤانەی بەرامبەر کراوە و کاتێک سکاڵای دەربڕیوە ٪٤٠ی موچەکەی بڕاوە.

 

ژنان فریو دەدرێن

زۆرێک لە ژنانی سیرا لیۆن بە بەڵێنی دامەزراندن لە ئەمریکا یان بەریتانیاوە دەهێنرێنە عومان، یەکێک لەوانە عائیشەیە، ده‌ڵێت، پێیان وتووه‌ كه‌ له‌ ماڵێكدا كار ده‌كه‌م له‌ عێراق، به‌ڵام له‌ ساڵی ٢٠٢١دا براوه‌ته‌ عومان، بە ٣٠٠ دۆلار كه‌متر له‌وه‌ی كه‌ پێیان وتووە و بۆ ١٨ کاتژمێر کاری کردووە.

 

لە راپۆرتەکەدا دۆ بۆڵد داوا لە حکومەتی عومان دەکات چاودێری بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بکات و ڕێگە بە کرێکارانی ناوماڵ بدات داوای مافەکانیان بکەن.