"هەبوونی کۆمپانیای ناوخۆیی هەلیکار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت"

بەهۆی نەبوونی کۆمپانیای ناوخۆی، زۆرترین بەشداربووانی پێشەنگای کشتوکاڵییەکە بریتیبوون لە کۆمپانیا بیانییەکان، هەروەها کەمترین ژنی ناوخۆیی کارەکانی خۆیان تێدا نمایشکرد.

سلێمانی

 

٧ی ئەیلول، سێهەمین خولی پێشەنگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ لە شاری سلێمانی کرایەوە و ماوەی چوار ڕۆژ و تا ڕۆژی ١٠ مانگ بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی پێشەنگاکەیە، کە زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا و ٨ وڵات بەشداری تێدا کردووە، ئامانجی ناساندنی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانە بە جیهانی دەرەوە، هەروەها ئاشناکردنی بەرهەمی وڵاتانی دیکە بە هاوڵاتیانی هەرێم و گۆڕینەوە زانیارئ و چۆنیەتی بەکارهێنانی پێداویستییە کشتوکاڵییەکانە.

 

پێشەنگاکە هەموو ئەو کەرەستە و دەرمانانەی لە خۆگرتووە کە بۆ کشتوکاڵکردن بەکاردێت و کەرەستەی تایبەتی کشتوکاڵین تا جوتیاران بتوانن سود لە کەرەستەکان ببینن و ئامێری تایبەتەکان بەکاربهێنن.

 

ئەوەی دەبینرێت زۆرینەی کۆمپانیا بەشداربووەکان کۆمپانیای بیانین بە تایبەت ئێرانی و تورکی، کەمتر کۆمپانیای خۆماڵی تێدایە، هۆکاری ئەمەش بۆ پشتیوانی نەکردنی حکومەت بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەگەڕێتەوە، هەروەها نەبوونی بەرەوپێشچوونی زۆر لە پڕۆسەی کارکردنی کۆمپانیا ناوخۆییە کشتوکاڵییەکاندا کە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانن خۆیان بگەیەننە ئاستێکی بەرز.

 

"هەبوونی کۆمپانیای ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان گرنگە"

خەڵات ساڵح، دەرچووی بەشی ئەندازیاری نەوت و وزە لە زانکۆی پۆلۆتەکنیکی سلێمانی، یەکێک بوو لە نوێنەرانی کۆمپانیا بەشداربووەکان، باسی لەوەکرد وەک وەرگێڕ کار بۆ ئەو کۆمپانیایە دەکات کە نمایشی بەرهەمەکانیان کردووە لە پێشەنگاکەدا، کۆمپانیاکەیان تایبەتە بەو ئامێرانەی ئارد دروستدەکەن، بە گشتیش ئامێری دیکە دروستدەکەن و هەناردەی دەکەنە دەرەوە.

 

وتی "بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی بەرهەمی خۆماڵی نییە و زۆرینەی ئامێرەکانی بەکاریدەهێنێت هاوردەی دەکات بۆیە کۆمپانیا بیانییەکان هاتوون و نمایشی بەرهەمی خۆیان دەکەن"، کردنەوەی پێشەنگای لەم شێوەیە بە گرنگ دەزانێت چونکە پێیوایە لە ڕێگەیەوە بەرهەمی وڵاتەکان بە شێوەیەکی گشتی ئاشنا دەبن بەیەکتری و بە هاوڵاتیانیش بە تایبەت جوتیارەکان.

 

خەڵات دەشڵێت: "هەبوونی کۆمپانیای ناوخۆیی دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر، لە ڕێیەوە زۆرترین گەنج ببنە خاوەنکاری خۆیان، هەروەها ئەندازیارانی دانەمەزراو بێنێتە سەر کار کە هەموویان خاوەن بەهرەیەکی زۆرن و دەتوانرێت سود لە تواناکانیان ببینرێت، دواجار بەرهەمەکەش خۆماڵی دەبێت".

 

"بەشداریکردنی ژنان لەو کارەی دەیانەوێت گرنگە بێ گێدانە هیچ ڕێگرییەک"

تاهیرە عەلی پەنا، خەڵکی هەمەدانە، یەکێکە لە بەشداربووانی پێشەنگاکە، لە زانکۆ بەشی بازرگانی خوێندووە و ماوەی یازدە ساڵە لەگەڵ کۆمپانیایەک کار دەکات کە تایبەتە بە دروستکردنی کەلوپەلی ئاودێری، ئەو ژنە بە شێوازێکی چالاکانە لەگەڵ شارەکانی هەولێر و سلێمانی لە باشووری کوردستان پەیوەندی دروستکردووە و کار دەکات، وتی "زۆرینەی کارەکانم لەگەڵ جوتیاراندایە و بەرکەوتنم لەگەڵ پیاواندا هەیە، توانیومە بەسەر هەموو ڕێگرییەکاندا زاڵ ببم و کاری خۆم بکەم، لەکاتێکدا کارکردن لەگەڵ پیاواندا تا ڕادەیەک ئەستەمە، بەڵام پێویستە ژنان جێگای خۆیان بگرن و گوێ نەدەن بەوەی ژنن و مافی کارکردنیان نییە".

 

دەربارەی چۆنیەتی بەشداریکردنیشیان لە پێشەنگاکەدا ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئەوەی پەیوەندی کارکردنیان لەگەڵ شاری سلێمانی و هەولێر هەیە بۆیە کاتی پێشەنگاکان دەزانن، تا ئێستا چوار جار لە سلێمانی و سێ جار لە هەولێر بەشداری پێشەنگایان کردووە.

 

دەشڵێت: لە ڕێی ئەم پێشەنگایانەوە زۆرترین سودمان بینیوە و توانیومانە سودێکی باشی لێوەربگرین و بازرگانی باش بناسین بۆیە کردنەوەی پێشەنگای لەم شێوەیە گرنگە.