ژنانی زانکۆی کابول ناچاری پۆشینی جلوبەرگی زۆرەملێ دەکرێن

بە فەرمانی نوێی تاڵیبان لەبەرکردنی کراسێکی ڕەشی درێژ و بەکارهێنانی ماسکی ڕەش بۆ خوێندکاران و پرۆفیسۆران و فەرمانبەرانی ژن لە زانکۆی کابول ناچارییە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی فەرمانی نوێی سەرۆکی زانکۆی کابول، لەبەرکردنی کراسێکی ڕەشی درێژ و بەکارهێنانی ماسکی ڕەش لە ئەمڕۆ، ٦ تەمموزەوە بۆ خوێندکاران و پرۆفیسۆران و فەرمانبەرانی ژنی زانکۆ زۆرەملێ کراوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕاوێژکاری زانکۆی کابولدا هاتووە: "پێویستە هەموو ژنە پڕۆفیسۆرەکان و کارمەندان و خوێندکاران حیجابی ڕەش لەبەربکەن و دەمامکی ڕەشیش ببەستن، پێویستە حیجابی ژنان فراوان و درێژ بێت بۆ ئەوەی جەستە و قاچیان نەبینرێت."

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت لەسەرئەوە کراوەتەوە، ئەگەر ستاف و خوێندکار و پرۆفیسۆری ژنان پابەند نەبن، ئەوا ڕۆژی دواتر لە چوونە ناو زانکۆ ڕێگرییان لێدەکرێت ئەگەر خوێندکارانیش پابەند نەبن بە بڕیارەکەوە ڕێگریان لێ دەکرێت بەشداری تاقیکردنەوەکانی زانکۆ بکەن.