بەهۆی شەڕەوە ژنان و منداڵان لە پارێزگایەکی ئەفغانستان ئاوارەبوون

سەدان خێزان دوای شەڕێکی چەند ڕۆژە لە شاری بەلخابی سەر بە پارێزگای سەرپێڵ لە باکووری ئەفغانستان، پەنایان بۆ ناوچە شاخاوی و دوورەکانی دەوروبەری شارەکە بردووە و بەهۆی نەبوونی ئاو و خواردنەوەی پێویست ژیانیان لە مەترسیدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی دروستبوونی شەڕەوە ژنان و منداڵان پارێزگای بەلخابیان لە ئەفغانستان بەجێهێشت و لە ئێستادا نەبوونی خۆراک و ئاو هەڕەشە لە ژیانی سەدان خێزانی ئەفغانی لە چیاکانی دەوروبەری شاری بەلخاب دەکات.

 

دوای هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لە شاری بەلخابی سەر بە پارێزگای سەرپێل لە دژی هێزەکانی مەولەوی مەهدی، تاکە فەرماندەی هەزارەی تاڵیبان کە لە گروپەکە جیابووەتەوە، پاش ئەوەی تاڵیبان چووەتە ناو شارەکەوە سەدان خێزان کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوویان تێدایە لە ترسی ژیانیان بەرەو چیاکانی دەوروبەری شارەکە ئاوارەبوون و ئێستا ڕووبەڕووی کێشەی برسیەتی و بێ ئاوی بوونەتەوە و چەندین ڕۆژە هیچ خواردنێکیان لانیە.

 

چەندین ڕاپۆرت هەیە لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن تاڵیبان لە شاری بەلخاب و کوشتنی خەڵکی بێتاوانی شارەکە، ڕادیۆیەکی ناوخۆیی بامیان لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەکان وتویەتی کە ماوەی سێ ڕۆژە ئەو خێزانانە هیچیان بۆ خواردن نەبووە و بەهۆی سەرما و برسێتییەوە چەندین منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

 

سنوردارکردنەکانی تاڵیبان چالاکییە میدیاییەکانی کەمکردووەتەوە، بەهۆیەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ کەمتر بڵاودەکەنەوە و هیچ ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەی ئەو ئاوارە و ئەو منداڵانە نییە کە گیانیان لەدەستداوە.

 

مەولەوی مەهدی، تاکە فەرماندەی هەزارەی تاڵیبان بوو کە لەلایەن تاڵیبانەوە دەرکرا بەهۆی پەراوێزخستنی تەکنیک و ڕێساکانی تاڵیبانەوە، بۆیە تاڵیبان بە ڕێپێوان بەرەو شاری بەلخاب بەڕێکەوت و لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا شکستیان بە گروپەی مەولەوی مەهدی هێنا و چوونە ناو بەلخابەوە.