مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە دژی هێرشکردنە سەر مامۆستایان گردبوونەوە

دژی هێرشکردنە سەر مامۆستایان و کوشتنی دوو مامۆستا لە شاری هەولێر ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە گردبوونەوە.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە لەسەر هێرشکردنە سەر مامۆستایان و کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ لە شاری هەولێر لەلایەن خوێندکارێکەوە، مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

 

شیلان سدیق، مامۆستا و چالاکوانی مەدەنی لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: ئەم ڕووداوە بە کارێکی تیرۆرستی دادەنرێت و پێویستە یاسا سەروەر بێت، ڕووداوەکە نەخرێتە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و حیزبی، سەروەری بگەڕێتەوە بۆ مامۆستا، چونکە مامۆستا بەرهەمهێنەری تاکی کۆمەڵگایە.

 

بەیاننامەی هاوبەشی مامۆستایان، فەرمانبەران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەن لەلایەن دڵشاد عەبدوڵا، مامۆستاوە خوێندرایەوە و تێیدا بە توندی ئیدانەی ئەو هیرشەکرا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو مامۆستا و برینداربوونی هاوڵاتییەک.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: داوا دەکەین کە بە ڕێگای یاسایی و قانونی ئەم کیشەیە چارەسە بکرێت، بۆ ئەوەی زانکۆ سەنگی مەحەکی خۆی بۆ بگەڕێتەوە و مامۆستا و خویندکار بە دڵنیایەوە بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

 

ڕۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە شاری هەولێر لەلایەن خوێندکاریکەوە بە ناوی ئاراس قاسم، مامۆستایەکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سەلاحەدین دەکوژێت، ئەم ڕووداوەش کاردانەوەی لەناو خەڵکدا بەدواداهات.