دایکانی شەهید و ژمارەیەک ژنی کاریگەری کۆمەڵگە خەڵاتی ڕێزلێنانیان وەرگرت

بە دابەشکردنی خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر ژمارەیەک لە ژنانی بەتوانا و دایکی شەهیدان ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان یادی دامەزراندنیان کردەوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، لە بینای رێکخراوەکە لە شاری سلێمانی خەڵاتی ڕێزلێنان درایە چەندین ژنی بەتوانا و ئەو ژنانەی ڕۆڵی جیاوازیان لە کۆمەڵگەدا گێڕاوە.

 

مەراسیمەکە بە وتەی ڕووناک فەرەج، بەرپرسی گشتی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان دەستیپێکرد و وتی: مانگی حوزەیران مانگێکی بایەخدارە چونکە یادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمانە کە هەمیشە لەم مانگەدا یادی کار و چالاکییەکان دەکەینەوە، ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩٧ دامەزراوە، ئامانجی کارکردنە لەسەر فەرهەنگ و دیدە باوەکان لەناو کۆمەڵگەدا ئەویش لە ڕێگای ڕاگەیاندن، کۆمەڵایەتی و ڕاهێنان و وشیاری تاکەکانی.

 

ڕێکخراوەکە سەرەتا لە ڕێگای ڕۆژنامەوە دەنگیان گەیاندووە بەڵام لە ئێستادا ڕاگەیاندنی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەم ڕێکخراوە هەوڵیداوە دادوەری کۆمەڵایەتی جێبەجێبکات و کێشە خێزانییەکان و کێشەکانی ژنان چارەسەر بکات، لە ڕێگای دوو نوسینگەوە لە قەڵادزێ و گەرمیان توانیویانە لەسەر زۆرترین پرس هۆشیاری بڵاوبکەنەوە.

 

لە درێژەی مەراسیمەکەدا چەند پارچە هۆنراوەیەک خوێندرایەوە، دواتر سەمای بالییە و وتنی گۆرانی لەلایەن ژنانی گەنجەوە پێشکەشکرا، لە پاشان خەڵات درایە ژمارەیەک لە دایکانی شەهید و ئەو کەسایەتییانەی کە لە بوارە جیاوازەکاندا ڕۆڵیان هەبووە لە گەشەسەندن و پێشخستنی کۆمەڵگە.

 

"کارکردن بۆ پرسی ژن قورسە، بەڵام ئیرادە هەبێت دەتوانی ئەنجامی بدەیت"

شیرین سەبور، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، باسی لەوەکرد، ڕێکخراوەکەیان ڕێچکەشکێنە بە تایبەت بۆ ژنان و هەوڵیداوە مافەکانی ژنان دەستەبەر بکات لە لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، وتی: "کاتێک کار دەکەیت بۆ پرسی ژن بێگومان قورسە بەڵام کاتیک ئیرادە هەبێت دەتوانیت بەردەوامی بە کارەکانت بدەیت".

 

ڕێکخراوەکەیان زیاتر گرینگیان داوە بە بواری ڕاگەیاندن و ئامانجیانە لەو ڕێیەوە هۆشیاری تاک بڵاوبکەنەوە، هەوڵیانداوە کۆمەڵگا هۆشیار بکەنەوە بە بوونی ژن و کاریگەری ژن لەناو کۆمەڵگەدا بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پڕۆژەیان بۆ ژنان و تواناکانی ژن ئەنجامداوە.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا کە پاڵپشتی هەر کەس و لایەنێکین دەکەن کە کار بۆ پرسی ژن بکات، چەندین جار لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارییان کردووە و دەنگی ژنان بوون لەسەر شەقام.