پێشانگای فۆتۆگرافی "ژنانی کورد و کلتوری کوردی"

پێشانگای فۆتۆگرافی "ساڵەکانی بەردەوام" لە هۆڵی سورە لە سینەما بەهمەن لە شاری سنە بە ناونیشانی " ژنانی کورد و کلتوری کوردی" بەڕێوەچوو.

هیما راد

 

سنە- ڕێوڕەسمی پەردەلادان و نمایشکردنی زنجیرەی وێنەیی ساڵانی حەفتاکان بە ناونیشانی " ژنانی کورد و کلتوری کوردی " ١٢ی حوزەیران لە هۆڵی سورە لە سینەما بەهمەن لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و تا ١٧ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

 

هونەرمەند و فۆتۆگرافەری مەهابادی ئەنوەری یوسفی کتێبی "ساڵانی بەردەوام"ی بڵاوکردەوە کە زیاتر ژیانی ژنانی ساڵانی حەفتاکان دەخاتە پێشچاو وەک بەشێک لە مێژوو و کلتوری نەتەوەیی کوردی.

 

گەلاوێژ ئەحمەدی، یەکێک لە وێنەگرەکانی شاری سنە، کە هاوکاری ڕێکخستنی پێشانگاکە بوو، دەڵێت: نزیکەی هەشت ساڵە ئاشنا بووم بە برازای پرۆفیسۆر ئەنوەری یوسفی و سەردار یوسفی و چوومە مەهاباد و چەند ڕۆژێکیش لەوێ مامەوە، بۆم دەرکەوت کە دنیایەکی پڕ لە مەزنی و گەورەیی لە کارەکەیدا هەیە و جێی حەسرەتیش دەبێت کە کوردستانییەکان ئەو وێنانە نەبینن، کاتێک گەڕامەوە بۆ سنە، چووم بۆ ناو سیمیناری هونەری دەزگای مۆسیقای دکتۆر حاجی میرزایی و کۆڕ و سیمینارەکان یارمەتییەکی زۆریان دام، دەستم کرد بە وەرگرتنی مۆڵەت و ماوەی هەفتەیەکە هۆڵی سوورەیان بۆ دابین کردین بۆ پەردە لادان لەسەر کارەکە".

 

کتێبەکە وێنەی ساڵانی ١٩٧٠کان نیشان دەدات کە ژنان بە جلی کوردی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی تێدایە و لەو کاتەوە بە بەرگی ڕەسەنەوە دەبینرێن و هەر وێنەیەک چیرۆکێکی هەیە و وەک نووسینی ڕۆمانێک وایە کە چەند ساڵێکە چاوەڕوانی ئەوە بووە کە ئاگای لە چیرۆکی کارەکتەرەکانی بێت و دەیەیەک لە ژیانی خۆی تەرخان بکات بۆ کاراکتەرەکانی ناو وێنەکانی، لە وێنەکاندا هەست دەکەیت کە ئاسایی نین، وێنەکان دەدوێن و بۆ چەند خولەکێک سەیری بینەرەکەی دەکات و ئەمەش نیشانەی هونەری فۆتۆگرافەرێکە کە ژیان وێنا دەکات نەک تەنیا دەموچاو.