٧٠٠ هەزار منداڵی ئۆکراینی چارەنووسیان نادیارە

بەهۆی جەنگ و ململانێکانەوە ٧٠٠ هەزار منداڵی ئۆکراینی بردراونەتە ڕووسیا و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

جەنگ و ململانێی نێوان وڵاتان بە هۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی توندوتیژییەکان بۆ سەر منداڵان دادەنرێت، لە شەڕدا تۆپباران و بەکارهێنانی چەک ناوچەکان وێران دەکات و منداڵان ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەست دەدەن، لە زۆربەی حاڵەتەکانیش لە شوێنی نیشتەجێبوونەکانیان دوور دەخرێنەوە و بەرکەوتەی چەندین شێوازی توندوتیژی دەبن.

 

گریگۆری کاراسین، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی فیدراسیۆن، ئەنجومەنی باڵای پەرلەمانی ڕووسیا، ڕایگەیاندووە، ڕووسیا نزیکەی ٧٠٠ هەزار منداڵی لە ناوچە جێناکۆکەکانی ئۆکراینا هێناوەتە ناو خاکی ڕووسیا، بەهۆی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا.

 

ڕووسیا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢دا لەشکرکێشییەکی تەواو بۆ سەر ئۆکرانیای دراوسێی ڕۆژئاوای وڵاتەکەی دەستپێکرد، مۆسکۆ دەڵێت بەرنامەی هێنانی منداڵانی ئۆکراینا بۆ ناو خاکی ڕووسیا بۆ پاراستنی منداڵانی بێ باوک و منداڵانە کە لە ناوچەی کێشەدا جێهێڵراون، بەڵام ئۆکراینا دەڵێت زۆرێک لە منداڵەکان بە شێوەیەکی نایاسایی بردراون بۆ ڕووسیا، ئەمریکاش دەڵێت هەزاران منداڵ بە زۆرەملێ لە ماڵەکانیان دوورخراونەتەوە.

 

لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٢، ئەمریکا مەزەندەی کردووە کە ڕووسیا ٢٦٠ هەزار منداڵی "بە زۆر دیپۆرت" کردووەتەوە، لە کاتێکدا وەزارەتی یەکخستنی خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکراینا، دەڵێت لە ئێستادا ١٩ هەزار و ٤٩٢ منداڵی ئۆکراینی بە دیپۆرتکراوی نایاسایی دادەنرێت.