لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەزار و ٧٣ حاڵەتی کوشتن تۆمار کراوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری خۆکوشتنی ٨ ساڵی عێراقی بڵاوکردەوە و دەردەکەوێت کە، ساڵ بە ساڵ حاڵەتەکانی خۆکوشتن زیاتر دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت، ململانێی سیاسی، ناکۆکی عەشرەتی، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و نەبوونی بژێوی و پێداویستی ژیانیی، دۆخی هاوڵاتی قورس کردووە و تا دێت حاڵەتەکانی خۆکوشتن بەرز دەبێتەوە.

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە زاری وتەبێژەکەیەوە، ئاماری ٨ ساڵی خۆکوشتنی لە عێراق بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەردەکەوێت ساڵ بە ساڵ ڕێژەکە لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاودایە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماری حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٢  بریتیبووە لە چوار هەزار و ٥٥ كەس، لە ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی خۆكوشتن لە ناوچەکانى عێراق، جگە لە هەرێمی كوردستان گەیشتە ٣٧٦ حاڵەت.

 

لە ساڵی ٢٠١٦دا ٣٤٣ حاڵەتی خۆكوشتن هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤٤٩ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٥١٩ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠١٩دا ٥٨٨ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٤٤ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٨٦٣ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠٢٢ هەزار و ٧٣ حاڵەتی خۆكوشتن تۆمارکراوە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ئامارەكان دەریدەخەن پەرەسەندنی بەردەوامی ئەم دیاردەیە هەیە و پسپۆڕان هۆكاری خۆكوشتن دەگەڕێننەوە بۆ سێ هۆکار، کە بریتین لە لایەنى دەروونی، ئابووری، كۆمەڵایەتی.