لە سلێمانی ژنێک لە لایەن براکەیەوە کوژرا

لە شاری سلێمانی ژنێک لە لایەن براکەیەوە کوژراو پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایدەکات کە تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە.

سلێمانی

ڕاگه‌یاندن ‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایگەیاند، شه‌وی‌ ڕابردوو له‌گه‌ڕه‌كی‌ تاڤگه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ تۆمه‌تبارێك هه‌ڵیکاوتایە‌ سه‌ر ماڵی‌ خوشكه‌كه‌ی ‌‌و ته‌قه‌ی‌ لێکردو به‌سه‌ختی‌ برینداری‌ کرد، دوای‌ دوو كاتژمێر ژنه‌كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی‌ سه‌ختی‌ برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداو بكوژیش بۆ شوێنێكی‌ نادیار هه‌ڵات.

 

ئاماژە بەوەکراوە کە ده‌ستبه‌جێ  به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەشی پۆلیسی فریاکەوتن و بنکەکانی ھەواری شارو کوردسات و سەرچنارو هێزی‌ تایبه‌تی‌ باره‌گای بەڕێوەبەرایەتی بۆ دۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تبار ڕاسپارد، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر‌و له‌ماوه‌ی‌ کەمتر لەکاتژمێرێکدا توانرا بكوژی‌ ژنه‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌و ده‌ستگیربكرێت ‌و ده‌ستیشبگیرێت به‌سه‌ر ئه‌و چه‌كه‌دا كه‌ تاوانه‌كه‌ی‌ پێ ئه‌نجامدراوه‌.

 

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە له‌ئێستادا تۆمه‌تبار (ر، ب، م) له‌دایكبووی ساڵی ١٩٩٤ به‌بڕیای‌  دادوه‌ر ڕاگیراوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌.

 

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە کە تاوانەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ژنێک دەکوژرێت ڕاستەوخۆ دوای تاوانەکە دەوترێت بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی بووە کە ئەمە هۆکارە بۆ زۆربونی ژن کوشتن و ڕێگەدان بە تاوانبار بۆ ئەنجامدانی تاوانی لەو شێوەیە.

 

ڕۆژانە لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بە هۆی عەقلییەت و سیستمی پەروەردە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە ژنێک دەکوژرێت یاخود ناچار بە خودکوژی دەکرێت، و ئامارەکان نە تەنیا کۆتایی پێ نایەت بەڵکۆ ژمارەکان لە هەڵکشاندایە.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا هیچ رێکارێکی چارەسەری بنەڕەتی نە گرتوەتەبەر لە پێناو کەمکردنەوەی تاوانەکانی کوشتنی ژنان و بە سزا گەیاندنی تاوانبارەکان، تا چیتر ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن نەبنەوە.