"گەڕانێکی دروست بۆ بەهێزکردنی ژنان و پاراستنی مافەکانیانە"

ژیان بەنگی لە ئەڵمانیاوە پەیوەندی بە شۆڕشی ژنانەوە کرد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕایگەیاند، وەڵامی ژنانیان لە ڕۆژئاوا بینی و بەو هۆیەوە پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، پێویستە دەست بۆ هەموو ژنان لە جیهاندا درێژ بکرێت و بوونی خۆیان بپارێزن.

ئەبیر محمد

 

حەسەکە- ژیان بەنگی خەڵکی ئەڵمانیا، کە ساڵانێکی زۆرە شۆڕشی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەناسێت و بۆ شەڕکردن چووەتە مەیدانی شۆڕش، لەگەڵ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

ژیان بەنگی سەرنجی بۆ خەباتی ژنان لە مەیدانی شۆڕشی ژنان ڕاکێشا و وتی، " ئەو شەڕەی ئێستا دەیکەین، پاراستنی بوونی ژنان و بەدەستهێنانی ئازادییە، دەبێت بتوانین بگەینە ژنانی جیهان و بەهێزتر بین و پێکەوە ڕێکخراوتر بین."

 

ژیان بەنگی لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی بۆ ئەو هۆکارانە ڕاکێشا کە ڕێگە بە خەڵکی وڵاتانی جیاجیا دەدەن ڕوو لە ڕۆژئاوا بکەن و بەم شێوەیە هەڵیسەنگاند: "خەڵکی زۆر لە وڵاتانی جیاجیا و بە هۆکاری جیاواز بەشدارییان لە بەرخۆدان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا کرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسی ویژدان و مرۆڤایەتی لە پێشەنگدا بوو، کە هێرشەکانی دوژمنان و تیرۆریستان بۆ سەر ئەم میللەتە قبوڵ نەکرا، هێرشەکانی سەر خەڵکی شەنگال و کۆبانێ و ناوچەکانی دیکە وایکرد خەڵکێکی زۆر لە وڵاتانی جیاوازەوە بچنە کوردستان و بەتایبەتی بۆ ڕۆژئاوا، ئەوان دەیانویست بەم هەنگاوە دژی تیرۆری داعش بجەنگن، لە لایەکی تریشەوە زۆر کەس هەبوون کە دەیانویست لە نزیکەوە شۆڕشی ڕۆژئاوا بناسن و بیپارێزن، بزانە ژنان چۆن دژی تیرۆر دەجەنگن و بۆ خۆیان دەوەستنەوە، هەر لەو بنچینەیەشەوە داوایان کرد هەنگاوێکی دروست بنێن و ڕۆڵیان لە گۆڕینی سیستەمی جیهانی سەرمایەداری و پیاوسالاریدا هەبێت."

 

"شەڕی داعش و ڕوانگەی گەڕان بەدوای ژیانی ڕاستەقینە"

ژیان بەنگی ڕایگەیاند کە ئەوان دژی چەتە ڕەشەکانی داعشن و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی شەڕیان بۆ لەناوبردنی ئەم تیرۆرە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: " دونیای ئێمە لە گێژاودایە، ئەو سیستەمەی تێیدا دەژین و تێیدا گەورە دەبین ژیانی مرۆڤ ئاڵۆزتر دەکات لە ڕووی ناسینی ئامانجەکانی ژیاندا، هەروەها خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە داعش کرد و پەیوەندییان پێوە کرد، لەنێویاندا گەنجانی ئەوروپا، ئەمەش وا دەکات خەڵک لە حاڵەتێکی شۆکدا بژین، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕاستی لە هەڵە ڕوون نییە، زۆربەی کات مرۆڤەکان دەگەنە ئاستی بێدەسەڵاتی، لە ناوەوە بەتاڵن و دەیانەوێت کارێک بە دروستی بکەن، بێگومان پەیوەست بوون بە داعش هەنگاوێکی هەڵەیە و دەبێت ئەمە هەڵسەنگێنین، ئەوەی داعش کردی، دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، سەربڕین، کوشتنی منداڵ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و سەدان جینۆساید."

 

سەرکردە ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە شۆڕشی ژنان

ژیان بەنگی بیری چەند ژنێکی ئینتەرناسیۆنالیستی هێنایەوە کە لە ڕێگای ئازادیدا گیانیان بەخت کرد و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "ژنێکی زۆر لە دەرەوەی ڕۆژئاوا پەیوەست بوون بە خەبات و لە شۆڕشی ژناندا جێگەی خۆیان گرتەوە، ژن هەیە لە ڕۆژائاوا گەیشتووەتە ئاستی شەهیدبوون، لەوانە تۆپراک چێرکس، دێستان تورک، ئیڤانا هۆفمان، هێلین لە بەریتانیا، لێرین لە ئەرجەنتین، سێرێن و چەندین تێکۆشەری دیکە کە گیانیان بەخت کرد، دوو خاڵی گرنگ کە لەم دۆخەدا سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت یەکەم ژنە و دووەمیان ئەوەیە کە ئەوان لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ دۆزێکی تایبەت هاتوون، بۆ مەبەستێکی مانادار ئامادەن هەموو شتێک بکەن بۆ سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە، نەک هەر لەڕووی شەهیدبوون و خۆبەختکردن، بەڵکو لەڕووی بەشداریکردن لە ژیان و شۆڕش و داننان بە حەقیقەتی خۆی و داننان بە حەقیقەتی ژن، ئەم ژنانە بینیان کە لەسەر ئەم خاکە وەڵامێک و ژیانێک و خەباتێک هەیە کە تێیدا دەتوانن وەک ژن جێگەی خۆیان بگرنەوە”.

 

هەروەها وتیشی: "دامەزراندنی فەوجی نێودەوڵەتی گرنگ بوو، چونکە وەک چۆن هەموو گروپێکی ڕەنگاوڕەنگ خۆیان لەم جوگرافیایەدا ڕێکدەخەن، پێویست بوو بۆ ئەو شەڕەڤانە ئینتەرناسیۆنالیستانەی بەشدارییان لەم شۆڕشەدا کردووە، لەژێر چەتری کەتیبەیەکدا ڕێکخستنی تایبەت بە خۆیان پێکبهێنن، ئەمەش لە سروشتی خۆیدا سەقامگیری پێناسە دەکات و لە سایەی ئەوەوە بوونی خۆت دەسەلمێنیت، ئێمەش دژی ئەو سیستەمەین کە دەیەوێت مرۆڤ لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دوور بخاتەوە، دژی ژیانی ڕەش و تاریکین، بێگومان لەهەمانکاتدا دژی داعش و هێرشەکانی داگیرکەری تورکیاین."

 

"پێکەوە بەهێزتر دەبین"

ژیان بەنگی دووپاتی کردەوە کە پێکەوە دەتوانن گۆڕانکاری گەورە بکەن و ژیانێکی ئازاد و یەکسان بنیات بنێن و وتی: " دەتوانین پێکەوە بژین، شەڕ بکەین و شۆڕش دروست بکەین، گرنگ نییە چ ئایینێک بیت و لە چ وڵاتێک بیت، هێزی ئێمە پێکەوە بەهێزترە، پێکەوە دەتوانین سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاری بگۆڕین، دەتوانین ژیانێکی یەکسان و ئازاد بنیات بنێین، دەتوانین ژیانێکی جوان بنیات بنێین".

 

"شەڕ بۆ پاراستنی بوونی ژن"

ژیان بەنگی تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و ڕزگاریکردنیان و بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنا: " لە جیهاندا بە گشتی پێویستە ژن لە چوارچێوەی سیستمی حوکمڕان و خێزانێکی حوکمڕانیدا بە باشی ڕاستییەکانی خۆی بزانێت، گرنگە هەبوون و مافەکانت بزانیت، هەروەها ڕێکخستن و بەهێزکردن و بەخشینی مانا بە یەکتر زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم سیستەمە بگۆڕین، ئەمە تەنها بۆ ژنانی وڵاتێکی دیاریکراو ڕەوا نییە، بەڵکو باسی ژنانی هەموو جیهان دەکەین، ئەگەر تەنها بیر لە ڕزگارکردنی مرۆڤەکان بکەینەوە، واتە شوێنێکی بچووک دابمەزرێنین، ئەوا ئەنجامەکەی بەدەست نایەت، چونکە کێشەکە هی یەک کەس نییە، ئێمە باسی سیستەمێک دەکەین و ئەم سیستەمە کوشندە و دەیەوێت ئێمەی ژن بکوژێت، بەهۆی ئەو شەڕەی ئێستا دەیکەین؛ شەڕەکە پاراستنی بوونی ژنان و بەدەستهێنانی ئازادییە، دەبێت بتوانین بتوانین بگەینە ژنانی جیهان و پێکەوە ڕێکخراوەکەمان بەهێزتر بکەین."