کۆنگرەی ستار: پێویستە تیشک بخرێتە سەر کوشتنی فریال سلێمان خالید
ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار لەبارەی کوشتنی سیاسەتمەداری کورد، فریال سلێمان خالید ناسراو بە زەلال زاگرۆس لە هێرشێکی چەکداریدا لە کەرکوک ڕایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ ڕووداوی کوشتنەکە ڕوون بکرێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ١٨ی کانوونی دووەم لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک دوو ماتۆڕسواری چەکدار هێرشی چەکدارییان کردە سەر فریال سلێمان خالید سیاسەتمەداری کوردی خەڵکی شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و گیانی لەدەستدا.
کۆنگرەی ستار بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ڕابردووشدا هێرشێکی هاوشێوە لە دژی نەگیهان ئاکارسەل ئەنجامدراوە و بەڵێنی تۆڵەی زەلال زاگرۆس دەدەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "زەلال زاگرۆس وەک کچێکی ڕۆژئاوای کوردستان لە خێزانێکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە، لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی و بە خۆناسینی وەک ژنێک، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ڕۆحی نیشتمانپەروەری بەهێزتر بوو، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پەکەکەوە کرد و وەک ژنێکی پێشەنگی کورد، ئەو ستەمانەی ئێستای هەم لەسەر ئاستی نەتەوەیی و هەم وەک ژنێک دەبینی، دۆخی کۆمەڵگەی بینی و هەر زوو جێگەی خۆی لە خەبات بە ئایدۆلۆژیای بزووتنەوەی ئاپۆیی گرتەوە.
٣١ ساڵ خەبات...
هەڤال فەریال بە ناسناوی زەلال زاگرۆس لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە تێکۆشانی ئازادی کرد و ٣١ ساڵی تەمەنی بۆ خەباتی بەردەوام لەپێناو گەل و ژناندا تەرخان کردووە و دەتوانین بڵێین هیچ شوێنێک نییە هەڤاڵ زەلال کاری تیادا نەکردبێت، لە هەموو شوێنێک کار و خەباتی کردووە، هەر لە چیاکانی کوردستانەوە تا دەگاتە ناوچەکانی وڵات و دەرەوەی وڵات، گەلی کورد لە کوێ بووبێت زەلال لەوێ بووە و هەتا ئەرمینیا چووە، هەر بۆیە کوشتنی ژنێکی شۆڕشگێڕ و پێشەنگ لە پرۆسەیەکی وادا ئەوە دەردەخات کە عەقڵیەتی فاشیستی چەندە لە هێزی ژنانی زانا دەترسێت، ئەم هێرشە بە هاوکاری ئەو عەقڵیەتە ڕوویدا کە خۆی خستووەتە باوەشی دوژمنی کورد، پەدەکە و سیخوڕەکانی تورکیا.
"پێویستە ژنان لە دژی ئەم هێرشانە خاوەنداری لە تێکۆشەرانی کورد بکەن"
پێویستە هەموو ژنان خاوەنداری لە تێکۆشەرانی ژنی کورد بکەن، هەموو ژنێک کە دەیەوێت ئازاد بێت، پێویستە بوەستێت و دەنگی بەرز بکاتەوە بەرامبەر بەم عەقڵیەتە کوژە، چونکە هەڤاڵ زەلال نەک هەر بۆ ژنانی کورد بەڵکو بۆ هەموو ژنان خەباتی بۆ ئازادی کرد، بە تایبەت لە پرۆسەی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆڵێکی ناوازەی هەبوو، بەتایبەت لە ڕووی زانا کردنی ژنانی عەرەب و هەموو ئەو ژنانەی لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا دەژین.
"بۆ دۆخی ژنان چووەتە باشوور و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە"
لەبەرئەوەی ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان زیاتر بوو، هەڤاڵ زەلال دەچێتە باشوور و لەگەڵ هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان کۆ دەبێتەوە، خەباتی کردووە بۆ ڕێکخستنی ژنان و بەهۆی ئەوەوە بوو بە ئامانج، هەر بۆیە داوا لە هەموو ژنان دەکەین هەستن و خاوەنداری لە هەڤاڵ زەلال بکەن، بۆئەوەی تیشک بخەنەسەر ڕووداوەکە و دۆزینەوەی بکوژەکان، پێویستە فشار بخەنە سەر دەسەڵات بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق دەستوەردان لە ڕووداوەکە بکات و بکوژەکان ئاشکرا بکات، ئەگەر بکوژەکان نەدۆزرێنەوە و ئاشکرا نەکرێن، ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هاوبەشی ئەم ڕووداوەن و بکوژی فەریال سلێمان خالید (زەلال زاگرۆس)ن.