کۆنگرەی مەسەدە بە هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی نوێ کۆتایی هات

دوای ٥ ساڵ، ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەم کۆنگرەی چوارەمی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک "مەسەدە" لە کانتۆنی ڕەقەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەسترا.

ڕەقە

 

٢٠ی کانوونی یەکەم، لە کانتۆنی ڕەقەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کۆنگرەی چوارەمی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک "مەسەدە" بە ئامادەبوونی نزیکەی ٤٠٠ نوێنەر و میوان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی سووریا، بە دروشمی "یەکگرتوویی گەلی سووریا بناغەی چارەسەرێکی سیاسییە و مسۆگەرکردنی سووریایەکی دیموکراتیک و فرەڕەنگ و خۆبەڕێوەبەرییە" دەستیپێکرد.

 

نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان، هێزە سەربازییەکان، هۆزەکان، بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان، بزووتنەوەی مەدەنی، بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی گەنجان، بنەماڵەی شەهیدان، بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کەسایەتییە سەربەخۆکان و نوێنەرانی ناوچەکە بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد.

 

دروشمی "شەهیدەکان ڕێبەر و نیشانەی شکۆمەندی ئێمەن"، "گەنجان هێزی چارەسەرن، پێشەنگانی ئێستا مسۆگەرکەری داهاتوون"، "ئازادی ژنان بنەمای هەموو ئازادییەکانە" لە هۆڵی کۆنگرە هەڵواسرا.

 

کۆنگرەکە بە ڕێزگرتن لە ڕۆحی ئەو کەسانە دەستیپێکرد کە لە پێناوی ئازادیدا گیانیان لەدەستدا، پاشان چەندین وتار پێشکەش کرا و پەیامەکان خوێندرانەوە.

 

مەسەدە: گرنگی یەکگرتوویی سووریا له بەرامبەر دیموکراسی و ئازادی

ئەمینە عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک وتاری دەستپێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستەسەر گرنگی پاراستنی بەهاکانی ئەو شەهیدانەی کە بە خوێنی خۆیان دەستکەوتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان بنیاد نا، هەروەها بنەماکانی باوەڕی مەسەدە لە ئازادی و ڕۆڵی ژنان و گەنجان لە هەموو بوارێکی سیاسی دیاریکراودا، جەختیشیکردەوە لە گرنگی یەکخستنی تێڕوانینی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بە شێوەیەکی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

ئەمینە عومەر ڕایگەیاند، چاوەڕێی ڕاگرتنی جەنگ و دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکەیان دەکەن و پێیان وایە چارەسەرەکە تەنها بە ئیرادەی سووریا و بە بڕیارێکی سووریا کە سەربەخۆ بێت لە ئەجێندای دەرەکی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنرێت، لە هەمان کاتدا، پێویستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بەپێی دەستوورێک کە هەموو لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون بۆ مسۆگەرکردنی بێلایەنی دەوڵەت بەرامبەر پێکهاتەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەمووان تێیدا یەکسانن.

 

قەسەدە: بونیادنانی مەسەدە مێژوویی بوو

لە لایەکی دیکەوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە لە ڕێگەی زوومەوە پەیامێکی نارد و وتی: ڕۆڵی گرنگی مەسەدە لە یەکخستنی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، وەک قەسەدە شایەتی ڕووخانی حکومەتی شام بووین لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی چەتەکان و گروپە توندڕەوەکان گەورەترین نیشانەی ئەمە بوو، بۆیە دامەزراندنی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک گرنگییەکی مێژوویی هەبوو، مەسەدە بەشێکی ڕاستەوخۆی چارەسەرە، لە هەموو بوارەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا سێبەری ئێمەیە، چەندین دەستکەوتمان بەیەکەوە بەدەستهێناوە لەماوەی ئەم ساڵانەدا، لەم ساتەدا کە کۆنگرەکە بەڕێوەدەچێت، ڕووبەڕووی زەحمەتی گەورە دەبینەوە، یەکخستنی خاکی سووریا لە مەترسیدایە و مەترسی داعش بەردەوامە.

 

ئەنجومەنی ژنانی سووریا: ژنان کۆڵەکەی سەرەکی چارەسەری سیاسین

ئەنجومەنی ژنانی سووریا ڕایگەیاند هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەی سووریا نییە جگە لە خۆبەڕێوەبەری سیاسی و ئابووری و کولتووری، لە هەمان کاتدا داوای لە هەموو گەلی سووریا، بەتایبەت ژنان، کرد ڕۆڵی خۆیان لە ژیانی سیاسیدا بگێڕن و ببنە چارەسەر، هەروەها جەختی لە ڕۆڵی ژنان کردەوە لە چارەسەری سیاسیدا کە ژنان تێیدا بەشدارن.

 

کۆنفڕانسەکە دوای خوێندنەوەی پەیامی پیرۆزبایی بۆ کۆنگرەی مەسەدە و پێشکەشکردنی سیمپۆزیۆمێک لەسەر کارەکانی ٥ ساڵی مەسەدە، بۆ ڕۆژنامەوانان داخرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەڵگەنامە سیاسییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر نەخشە و ڕێسا ناوخۆییەکان.

 

"هیچ ڕێگەیەک جگە لە چارەسەری سیاسی و دیالۆگ بوونی نییە"

لە کۆتاییدا پێکهێنانی ئەنجومەنی گشتی و پلاننامەی ئەنجومەنەکە خرایەڕوو، هەریەک لە لەیلا قارەمان و مەحمود مسلیت بە هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردران، لە کۆتاییشدا ڕاگەیەندرا، "جگە لە چارەسەری سیاسی و دیالۆگ هیچ ڕێگایەکی تر نییە، هیچ ئەنجامێک بە زەبری هێز بەدەست ناهێنرێت، درێژەدان بە کارکردن لەسەر دیالۆگی سووریا-سووریا بۆ گەیشتن بە چارەسەر و بۆچوونی هاوبەش، لەگەڵ متمانەی نیشتمانی بە دیموکراسی گرنگە، هەروەها بەدیهێنانی یەکگرتوویی خاک و خەڵکی سووریا ئامانجە، مەسەدە جەخت لەسەر ئازادکردنی هەموو خاکە داگیرکراوەکان دەکاتەوە".

 

جێی ئاماژەیە ئەم کۆنگرەیە دوای زیاتر لە ٥ ساڵ بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت.