ڕژاک لە ڕانیە سیمیناری دەربارەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان پێشکەش کرد
لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕژاک لە شاری ڕانیە دەربارەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆشیاری بڵاوکردەوە.
دیڤان سیهاد
ڕانیە- پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە کتێبخانەی سید ئەحمەد لە شاری ڕانیەی هەرێمی ڕاپەڕین، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و بە دروشمی "لە دژی ڕەشەکوژی ژنان بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، لە تێکۆشان بەردەوام دەبین" ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان سیمینارێکیان پێشکەش کرد.
سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد و سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان سیمینارەکەی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، وەکو ژنانی ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ژنانی تەڤگەری ئازادی هەموو ساڵێک شانزە ڕۆژ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کار و چالاکیەکان چڕ دەکەنەوە و بە درێژایی ساڵیش کارەکانیان لەو پێناوەدا بەردەوامە.
سارا ڕەزا ئاماژەی بە شەڕەکان کرد و وتی: لە هەر شوێنێک شەڕ و هەژاری هەبێت و لایەنی ئابوری خراپ بێتم توندو تیژیەکان بە پلەی یەک لەسەر ژنان و گەنجان زیاد دەکات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە جەنگ و هەژاری تیادایە و لایەنی ئابوری خراپە بۆیە توندوتیژییەکانیش لە ئاستی جیهاندا ڕێژەیان بەرزە، ئەمڕۆ ژنان لەلایەن ئەقڵیەتی دەسەڵاتخوازی و پیاوسالاری و ئیسلامی سیاسیەوە بێبەش دەکرێت لە ماف و ژیانیان.
هەروەها وتیشی: لە باشووری کوردستان چەمکی ئازادی بەلاڕێدا براوە، دەبین ژنان لە ژێر ئەم ئەقڵیەتە دەسەڵاتخواز و پیاوسالارەوە ڕیکلام بە جەستەیانەوە دەکەن، تۆڕی کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنەکان هۆکارن بۆ ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە، بۆیە هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هۆشیارکردنەوەی ژنان لە سیستمی شکاندنی کەرامەتیان دەبێتە ئەرک و ڕێگەیە بۆ ناسینی ژن و ڕێگریکردن لە توندوتیژی.
جێی ئاماژەیە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شارەکانی سلێمانی، کەرکوک، گەرمیان و ڕانیە سیمینار و چالاکی جۆراوجۆریان بەڕێوەبردووە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا چالاکییەکان بەردەوام دەبن.