ماڵی پاراستنی ژنان دەبێتە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ ژنان

سیستمی ماڵی پاراستنی ژنانی جزیرە پەناگەیەکە بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و زایەندی و دەروونی دەبنەوە، ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە دەڵێن: ماڵی پاراستنی ژنان ڕزگاری کردین.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-سیستمی "ماڵی پاراستنی ژنان" لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن دەستەی ژنانی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار، دەستەی ژنان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ- هێزەکانی ئاسایشی ژنان لە هەرێمی جزیرە بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە دامەزراوە، ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەو ماڵانەدا نیشتەجێ دەکرێن تا ئەو کاتەی کێشەکەیان بە سەلامەتی و یاسایی چارەسەر دەکرێت.

 

کێشەکانی ژنان چارەسەر دەکرێت

دەستەی ژنان توانی دەیان ژن لە کوشتن ڕزگار بکات لە ڕێگەی سیستمێکی سێ بەشییەوە: ناوەندی کاتژمێری و ناوەندی کاتی و ناوەندی هەمیشەیی، لە ماوەی ساڵێکدا ٨٤ ژن چوونەتە ماڵی پاراستنی ژنان لەو ژمارەیەدا ٧٧ حاڵەت بە یاسایی چارەسەر کراون، لە ئێستادا ٧ ژن لە ماڵی پاراستنی ژنان ماونەتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەدرێت.

 

ئەڤین پاشۆ، سەرۆکی دەستەی ژنانی هەرێمی جزیرە، لەبارەی ئامانج و گرنگی سیستمی ماڵی پاراستنی ژنان وتی: لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، ژنان و گەنجان ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە پەرەپێدانی پڕۆژەکان بۆ ڕزگارکردن و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، ئامانجەکانی دەستەی ژنان، یەکێک لە دەستە خۆبەڕێوەبەرەکان، وەڵامدانەوەی کێشەکانی ژنانە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ژنان لە ناو سیستمی خۆبەڕێوەبەری و لەناو دامەزراوەکاندا، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەستەکە دروستکردنی ماڵێکە بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی.

 

"شوێنی گۆڕین و بەهێزکردنی ژنان"

وتیشی: ئامانجمان تەنها دابینکردنی شوێنێک نییە بۆ پاراستن و خواردن و خواردنەوەی ئەم ژنانە، بەڵکو شوێنێکمان دروستکردووە بۆ گۆڕانکاری و بەهێزکردنی ژنان، دەیان ژن نەیاندەزانی چۆن بخوێننەوە و بنووسن کاتێک چوونە ناو ماڵی پاراستنی ژنان، پەروەردەمان پێداون، هەروەها پەروەردەی دەروونی دابین دەکرێت، لە کاتێکدا دەرفەت هەیە بۆ پەرەپێدانی هونەر و کاری دەستی، دەمانەوێت ئەم ژنانە بتوانن بەردەوام بن لە ژیانی ئاسایی خۆیان، دەستەی ژنان، کۆنگرەی ستارو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو ژنان دەتوانن ببنە خێزانی ئەوان.

 

چەند ڕێکارێکی یاسایی بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ژنان

ئەڤین پاشۆ جەختی لەوە کردەوە، بارودۆخی ژنان لەناو ماڵی پاراستندا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بە شێوەیەکی یاسایی وەک کەیسێک لە دادگا پێشکەش دەکرێت و کاری لەسەر دەکرێت، هەندێک لە بارودۆخەکان لەلایەن لیژنەکانی ئاشتەواییەوە چارەسەر دەکرێن، ئەو بارودۆخانەی کە ناتواندرێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن؛ لیژنەی یاسایی دەستەی ژنان و ئەنجومەنی دادوەریی ژنان لەبارەی ئەوەوە مامەڵە دەکەن کاتێک ژنان دوای ڕێککەوتنەکە دەدرێنە دەست خێزانەکانیان، بە شێوەیەکی یاسایی دەدرێن بۆ ئەوەی چیتر ڕووبەڕووی توندوتیژی نەبنەوەو ژیانیان پارێزراو بێت.

 

لە باشووری کوردستانەوە ڕووی کردە ماڵی پاراستنی ژنان لە ڕۆژئاوا

خانم سۆرانی تەمەنی ٤٣ ساڵە و خەڵکی باشووری کوردستانە و لەلایەن هاوژینەکەی و خێزانەکەیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، ٧ ساڵ لەمەوبەر، چوو بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی نوێی سەلامەت و تا ئێستا لە ماڵی پاراستنی ژنان دەژی، وتی: لە لایەن هاوژینەکەم و خێزانەکەمەوە توندوتیژییم بەرامبەر کرا، لە هەمان کاتدا خیانەتم لێکرا، من ئەمەم قبوڵ نەکرد، بڕیارم دا لەم ژیانە خۆم ڕزگار بکەم، لە باشووری کوردستان، شەرمەزارییەکی گەورەیە کە ژنان هاوژینەکانیان بەجێبهێڵن، بۆیە خێزانەکەم ناڕەزایەتییان نیشاندام.

 

وتیشی: کۆمەڵگە دەیەوێت ژن کۆیلە بێت و هەموو شتێک قبوڵ بکات، لە ماڵی پاراستنی ژنان فێربووم کە لەسەر پێیەکانم بوەستم، ڕاستییەکە بزانم و بەهێز بم، ساڵ لەدوای ساڵ گۆڕانکاری لە کەسایەتیمدا ڕوودەدات، ئەگەر کات بۆ من بگەڕێتەوە، جارێکی دیکە دڕندەیی و توندوتیژی قبوڵ ناکەم.

 

"دەستەی ژن منی ڕزگار کرد"

ئەسمەهان لە پێکهاتەی عەرەبە خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە و ماوەیەکی کەمی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە ١٩ ساڵ و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە لایەن خێزانەکەیەوە دوو جار هاوسەرگیری پێکراوە، لە لایەن هاوژینەکەیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە وتی: گەنج بووم، زۆر شتم نەدەزانی، ئەوە هەڵەیە کە لەم تەمەنەدا هاوسەرگیری بکەم، ئەو کەسەی کە هاوسەرگیریم لەگەڵ کردبوو لە دەرەوەی سووریا بوو، ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی زۆر بوومەوە، منی نائومێد کرد و خێزانەکەم باوەڕیان بە هەموو شتێک کرد، خێزانەکەم ویستیان بمکوژن، بەم دواییانە بۆ ئەوەی ئازادم بکات بازرگانی بەمنەوە کرد داوای سی هەزار دۆلاری کرد بۆ ئازادکردنی من، دواتر خێزانەکەم وتیان یان هاوسەرگیری کردن لەگەڵ ئامۆزاکەم یان کوشتنم، منیش ناچار بووم هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم، پاشان دەستەی ژنان لەو ژیانە ڕزگاری کردم.

 

"خەونی خوێندن بە هاوسەرگیری کردن شکستی هێنا"

ئەسمەهان ڕەخنەی لە هۆشیاری کۆمەڵگە گرت و وتی: کۆمەڵگە ڕێگە بە ژنان نادات لە بوارەکانی ژیاندا گەشە بکەن، دەیانەوێت ژنان لەژێر کۆنترۆڵی پیاواندا بمێننەوە، ژنان زۆر کار دەکەن، بەهێز و بەهرەمەندن، بەڵام ڕێگرییان لێ دەکرێت، خەون و ئامانجی خۆم هەبوو بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن، بەڵام ئەم خەونە بە هاوسەرگیری شکستی هێنا.

 

"دوای گەیشتن بە دەستەی ژنان، دەتوانم بۆچوونی خۆم بڵاو بکەمەوە"

بەرچەم تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، ئەشکەنجە و توندوتیژی خێزانی بینیوە و لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە خێزانەکەی دوور کەوتووەتەوەو لە ماڵی پاراستنی ژنان دەژی، وتی: ژیانم ئازار و ئەشکەنجە بوو، لەلایەن باوکمەوە لێمدەدرا، هەمیشە لە ئێمە و دایکمانی دەدا هەتا ئەو کاتەی بە کارەبا و هەموو شێوەکانی تری ئەشکەنجە گەیشت، نەمتوانی لەم ژیانەدا بژیم، بۆیە بڕیارم دا ماڵەکە بەجێبهێڵم، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە ماڵی پاراستنی ژنان دەژیم، هەست دەکەم ئێستا دەتوانم بۆچوونی خۆم هاوبەش بکەم و بوێرم، لێرە هونەر فێربووم، کە یارمەتیدەرێکە بۆ ژیان و فێربوونی هونەر. لە بواری خوێندندا، دەستەی ژنانیش کار بۆ پەرەپێدانمان دەکەن.

 

مەترسییەکانی توندوتیژی و کاریگەرییەکانی

حەلیمە فەهید، پسپۆڕی دەروونی وتی: ژنان ناچارکراون ببنە تاکە ژینگەی خێزانی و لە هیچ لایەنێکی دیکەدا نەبن، مەترسیدارترین شت کە لەم ماوەیەدا تێیدا دەژین توندوتیژییە، توندوتیژی بە هەموو شێوەکانیەوە، خراپ بەکارهێنانی هەموو پێداویستییەکانی ژنان. هەراسانکردنی زایەندی باوترین بارودۆخ بوو کە لە کاتی کارکردنمدا ڕووبەڕووی بوومەتەوە، لە ماوەی یەکەمدا، کێشەیەک هەبوو لە تێگەیشتن و دەربازبوون لە دۆخێکی دەروونی خراپ، پلانێکی تیۆری و کرداریمان پەرەپێدا کە لە ڕێگەیەوە تیشکمان خستە سەر چەندین خاڵی بنەڕەتی، لەوانە ڕاوێژکاری دەروونی و دیالۆگ و زانیاری ژنان دەربارەی مافەکانیان، لەسەر ئاستی جیاواز، ئەمە ئەنجامێکی ئەرێنی نیشان دەدات.