ژنانی دەستچن لە کارگەی مافوری کۆیە تواناکانیان دەردەخەن

کارگەی دەستکردی مافۆری کۆیە، لە حەفتاکانەوە دامەزراوە و ژنان بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیانیان لەم کارگەیە کار دەکەن.

ئەڤین جبرائیل

 

کارگەی مافوری کۆیە لە ساڵی حەفتاکانەوە دامەزراوە و ژنانی دەستچن کاریان تیادا کردووە و بژێوی ژیانیان دابین کردووە، بەو ڕەنجەی ژنان داویانە بۆ کارکردن و پاراستنی شوێنەکە تا ئێستا کارگەکە کار دەکات و نزیکەی ٤٢ کەس کاری تیادا دەکات.

 

لە سەرەتای دروستبوونیەوە، کارگەکە نزیکەی ٣٠٠-٤٠٠ کەس کاری تیادا کردووە، زۆرینەی ئەو کەسانە ژنانن و بە دەستی ڕەنگین و بیرۆکەی داهێنەرانەیان کاریان لە کارگەکەدا کردووە و بژێوی ژیانیشیان تیادا بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا ژمارەیان کەم بووەتەوە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پەرە نەدان بە کارگەکە و نەبوونی دامەزراندن تیایدا.

 

لە کارگەی مافوری کۆیە، هەموو جۆرە مافور، فەرش و بەرماڵێک دروستدەکرێت، هەندێک جار کڕیاران داوا دەکەن، لەسەر فەرشەکان وێنەیان بۆ بچنن، چونکە تێکناچێت و بۆ چەندین ساڵ بە جوانی دەمێنێتەوە.

 

ئەو فەرشانەی دروستی دەکەن، کوردەواری و ڕەسەنە، کە بۆ پاراستنیان لەسەر فەرشەکان دەچنرێت، وەک هۆنراوەی ئەی ڕەقیب و هۆنراوەکانی دڵدار و وێنەی ئەو ژنانەی کە جلی کوردی ڕەسەنیان لەبەردایە و پارێزگاری لە کولتووری کوردی دەکەن، یاخود وێنەی سروشتی جوانی کوردستان یان هەر بابەتێک کە بۆیان پێشنیار بکرێت، ئەوان بە جوانترن شێوە دەینەخشێنن.